د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کێشەکانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە حەوزی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست

تا دێت خواستی وڵاتان بۆ وزە لەزیادبووندایە، بۆ ئەوەش پێویستیان بە سەرچاوەی تازە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستیان بکەوێت و تەنیا پشت بە لایەنێک نەبەستن. دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و بڕیارەکانی ناتۆ بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی رووسی، کە سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەی ئەوروپایە؛ دەرهێنانی گازی دەریای ناوەڕاست بە بەهاتر بووە. 

هەرچەندە دۆزینەوەی گازی سروشتی لە حەوزی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1969 بوو، بەڵام تاکوو ساڵی 2009 بەرهەمهێنانی تێدا نەکرابوو.

رێژەی بوونی گاز لەو ناوچەیە زۆر بە روونی نازانرێت، بەڵام دەڵێن دەوروبەری 350 ترلیۆن پێ سێجا دەبێت، کە وا پێدەچێت سێیەم یەدەگی گاز بێت لە جیهاندا لە دوای سیبریا و بیابانی عەرەبی.

بۆ دیاریکردنی ماف و دەسەڵاتی هەر وڵاتێکی سەر دەریای سپی بەسەر ئەو بەشەی دەکەوێتە نێو دەریا، دەریایان بەشێوەی بلۆک بلۆک یاخود پارچە پارچە دابەشکردووە، هەر وڵاتە دەبێت سنوورەکەی دیاری کرا بێت لە نێو ئەو بلۆکانە تا بتوانێت سوود لە سامانی سروشتیی نێو بەشەی دەریای تایبەت بە خۆی وەربگرێت.

بەمەبەستی رێکخستنی سنووری دەریایی و بۆ دیاریکردنی سنووری هەر وڵاتێک کە دەکەوێتە سەر دەریا، نەتەوە یەکگرتووەکان یاسای دەریایان داناوە بە ناوی "یاسای سنووری 200 میل"، کە تێیدا "ئاوی هەرێمی" 20کم لە وشکایی بۆ نێو دەریا، تایبەتە بەو وڵاتە و بەشێکە لە خاکی و لەژێر دەسەڵاتیدایە. "ئاوی ناوچەی ئابووریی تایبەت"،  مافی ئەو وڵاتەیە لەسەر دەریا و بە درێژایی  200 میل  لە کەناری وڵاتەکەوە بۆ نێو دەریا و خاوەنی سامانی سورشتی  و بەرهەمی ماسی ئەو بەشەیە لە نێو دەریا. 

گەر هاتوو ناوچەی ئابووریی تایبەت تێکەڵ بەیەک بوو، ئەوا دەبێت لە رێگەی رێککەوتنی نێوان وڵاتەکانەوە چارەسەر بکرێت.

کێشەی وڵاتانی رۆخ دەریای سپی لەوەدایە کەناتوانن یاسای دەریایی جێبەجێبکەن، ئەویش بەهۆی نزیکیی ئەو 23 وڵاتە لە یەک، کەمیی رووبەری دەریای سپی، بوونی چەندین دوورگەی سەر بە وڵاتێک و نزیک لە وڵاتێکی تر، بەتایبەتی لە نێوان تورکیا و یۆنان، کە کێشەی بۆ دابەشکردنی ئاوی ناوچەی ئابووریی تایبەت دروستکردووە. لەگەڵ ئەوەش، هەندێک لەو وڵاتانە لەنێوان خۆیاندا رێک کەوتوون، وەک: میسر لەگەڵ قوبرس و یۆنان، ئیتاڵیا لەگەڵ یۆنان.

هەندێک لەو وڵاتانە هەوڵیان داوە لە سنووری دەریایی خۆیاندا گازی سروشتیی دەربهێنن، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی تەنیا میسر و ئیسرائیل دەستیانکردووە بە دەرهێنان و هەناردەکردنی. هەرچەندە یەدەگی میسر لە هەموو وڵاتەکانی تر زیاترە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتوان، زۆربەی بەرهەمەکەی ئێستای بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێنێت و تەنیا ئیسرائیل توانای هەناردەی هەیە.

کێشەکانی دەرهێنانی گازی سروشتیی ئەو ناوچەیە زۆر و فرەلایەنە، لەوانە: بەرژەوەنديی جیاوازی وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان، کۆمپانیاکانی پشکنین و دەرهێنەر و بەکارهێنەرەکان، کێشەی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیک، کە ئەمانە هەموو تێکەڵ بەیەک بوون، بەڵام کێشە سەرەکییەکەی نەبوونی سنووری دیاریکراوی نێوان ئەو وڵاتانەیە.

تورکیا کێشەی گەورەی هەیە لە کەمیی سەرچاوەی وزە، بەتایبەتی نەوت و گاز؛ ساڵی رابردوو بایی نزیکەى 41 ملیار دۆلار وزەی هاوردە کردووە. هەرچەندە تورکیا وڵاتی ترانزێتە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی وڵاتانی  رۆژهەڵات (رووسیا، ئازەربایجان، کازاغستان، ئێران و عیراق) بۆ وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا، بەڵام ئەمە پێداویستیی ناوخۆی لە نەوت و گاز دابین نەکردووە، بۆیە هەوڵی دەرهێنانی گاز دەدات لە دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ ئەوەی لە بلۆکی دەریایی تایبەت بە خۆی هیچ بڕە گازێک نەدۆزراوەتەوە. هەرچەندە تورکیا سنوورێکی زۆر درێژی هەیە لەسەر دەریای سپی، بەڵام لە هەندێک شوێن تەنیا دوو کیلۆمەتر مافی لەسەر ئەم دەریایە هەیە، چونکە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم زۆربەی دوورگەکان درا بە یۆنان و سنووری یۆنانی لە تورکیا نزیککردووەتەوە. کێشەیەکی تری تورکیا، ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ قوبرس؛ تورکیا هێزی پشکنینی و دۆزەرەوەی گازی بردە دەوری قوبرسی تورکی و دەستی بە پشکنین کرد، بەڵام قوبرسی تورکی هیچ وڵاتێک دانی پێدا نەناوە. قوبرسی یۆنانی و یۆنان رێگرییان لێکرد و لاى یەکێتیی ئەوروپا سکاڵایان لە دژی تورکیا کرد؛ یەکێتیی ئەوروپاش رێگری لێکرد و وەک دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتێکی ئەوروپی لە قەڵەمی دا، هەروەها ئەمەریکاش وەک ناکۆکیی نێوان دوو وڵاتی ناتۆ سەیری دەکرد و دژی ئەوە بوو. 

یەکێکی تر لە کێشەکان، لە نێوان تورکیا و ئیتاڵیا و فەرەنسادایە، بەتایبەتی دژ بە کۆمپانیا پشکنەرەکانی ئیتاڵی و فەرەنسی. تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنی بۆ سەر کۆمپانیا ئیتاڵی و فەرەنسییەکان کرد کە لە نزیک قوبرس هەوڵی پشکنینیان دەدا. 

کێشەیەکی تر، لە نێوان تورکیا و میسردایە، بەتایبەتی دوای چوونی تورکیا بۆ ناوچەی سرت لە رۆژهەڵاتی لیبیا و بەستنی هاوپەیمانی و رێککەوتنی نێوان تورکیا و لیبیا، کە رێگەی بە تورکیا دا لە سنووری دەریایی نێوان ئەو دوو وڵاتە پشکنین بکات، کە ئەمە پێشلکارییەکی زەقی یاساکانی دەریایی بوو و هەموو هێزەکان دژی ئەو رێککەوتنە بوون، چونکە زۆر لە دەرەوەی ناوچەی ئەو دوو وڵاتەدا بوو و ئاسایشی میسریشی دەخستە مەترسییەوە.

تورکیا کێشەی سەرەکییە لەگەڵ زۆر لە وڵاتانی حەوزی رۆژهەڵات، بەڵام کێشەی تریش لەو ناوچەیە زۆرن، بۆ نموونە؛ کێشەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، بەتایبەتی لەسەر کێڵگەکانی کاریش و قانە و بلۆکی 9، 10، 11 و 72. 

لوبنان لە ناوخۆیدا کێشەی ئابووری و سیاسی هەیە و دواکەوتووە لە پشکنین و وەبەرهێنانی گازی سروشتی. ئیسرائیل لە هەندێک شوێن گاز دەردەهێنێت کە لەژێرەوە سەر بە بەشە دەریایی لوبنانە، هەرچەندە چەند ساڵێکە ئەمەریکا هەوڵ دەدات ناوبژییان بکات، بەڵام تاکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی لوبنانی، وایکردووە ئەو رێککەوتننانەی دەیکەن پارتە ناوخۆییەکان دژیان بن و هەڵبوەشێنرێنەوە.

چەند کێشەیەکی تریش هەن، بۆ نموونە؛ کێشەی نێوان لوبنان و سوریا لەسەر سنووری وشکایی و دەریایی، بەتایبەتی لە نێوان بلۆکی یەک و دوو. کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین (غەززە) لەسەر کێڵگەی غەززە مارین. هەروەها کێشەی کۆمپانیاکانی پشکنین و دەرهێنان، کە ناتوانن کار بکەن لەو ناوچانەی کێشەی دابەشبوونی لەسەرە...

وڵاتە زلهێزەکانیش ئامانجیانە بەشدار بن لە دەرهێنان و سوودوەرگرتن لە گازی سروشتیی ئەو حەوزەدا، بەتایبەتی رووسیا، کە دەرهێنانی گازی ئەو ناوچەیە لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە و بازاڕی گازی رووسیا کەم دەکاتەوە.

یەکێکی تر لە کێشە بنەڕەتییەکان، کێشەی چۆنیەتی و دیاریکردنی رێگەی گواستنەوەی گاز و بەشداریی تێچووی ئەو بۆرییانەی دادەنرێن بۆ گواستنەوە و دابینکردنی ئەمن و ئاسایشە بۆیان، کە هەر وڵاتە و کۆمپانیایەک چییان دەکەوێتە ئەستۆ و رەزامەندی وڵاتانی تر لەسەری، بۆ نموونە؛   East Med pipelineئەو هێڵی بۆریی گازەیە کە وا دانراوە لە 2025 بکەوێتە کار. ئەم هێڵە لە ئیسرائیل و قوبرسەوە بەرەو یۆنان و لەوێشەوە بەرەو ئیتاڵیا و ئەوروپا دەڕوات؛ ئەمەش:

یەکەم: گرنگیی تورکیا وەک وڵاتی ترانزێت وەلا دەنێت. 

دووەم: تورکیا ناڕەزایی دەربڕی گوایە بە ناوچەی دەریایی تایبەت بە تورکیادا دەڕوات. 

سێیەم: رێککەوتنی نێوان تورکیا و لیبیا وا دەکات تورکیا ئەم هێڵە ببڕێت. 

بۆ چارەسەری کێشەی سنوور و دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو گازە، لە ساڵی 2019 مەکۆی گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست East Med Gas Forum دامەزرا، بنکەکەی لە قاهیرەیە و لە ئێستادا وڵاتانی: میسر، قوبرس، یۆنان، ئیسرائیل، ئوردن، ئیتاڵیا، فەلەستین، فەرەنسا و (قەتەر) ئەندامن تێیدا. داوا لە لوبنانیش کرا بەشدار بێت، بەڵام رەتی کردەوە بەهۆی بەشداربوونی ئیسرائیل، چونکە تاکوو ئێستا لوبنان دانی بە بوونی وڵاتی ئیسرائیلدا نەناوە. 

بۆ ئەوەی سوود لەو گازە وەربگیرێت، لە سەرەتادا پێویستە چارەسەری کێشەی دابەشکردن و نەخشەکێشانی هێڵی سنووریی نێوان وڵاتەکان بکرێت، جا چ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت وەک ئەوەی ئەمەریکا هەوڵی چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەدات، یاخود بە هەڕەشەی شەڕ وەک هەڕەشەکانی میسر بۆ تورکیا، یان تورکیا و یۆنان بۆ یەکتر ئەو کاتەی یەکێتیی ئەوروپا هێزی دەریاییان رەوانەی سەر کەشتییەکانی تورکیا کرد و لە نێو ئاوی بەشی هەرێمی قوبرس پاشەکشەیان پێ کرد، هەروەها هێرشی تورکیا بۆ سەر کەشتییەکانی پشکنینی ئیتاڵیا بەرانبەر بە کەنارەکانی قوبرس .








Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan