کوردستانی

پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە تاوتوێدەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە تاوتوێدەكرێت
مەودا میدیا-

لەمیانی سەردانی وەزیری نەوتی عیراق بۆ پایتەختی توركیا، لەگەڵ هاوتا توركییەكەی كۆبوونەوە و پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتیان تاوتوێكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئاب-2023 حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە و لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا پرسی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا تاوتوێكرا.

وەزارەتی نەوتی عیراق لەو بارەیەوە رایگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، حەییان عەبدولغەنی لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپارسڵان بایراکتار کۆبووەتەوە و ژمارەیەک پرسی ناوچەیی کە جێی بایەخی ھاوبەشبوون تاوتوێکراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بڕگەیەكی کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ھێڵی بۆری نەوتی خاو لە نێوان عیراق و تورکیا کردووەتەوە.

 ھەروەھا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی خاو، ئەوەیش دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و پشکنینی ئەو بۆرییە کە نەوتی لێوە ھەناردە دەکرێت کە لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا، زیانی بەرکەوتووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەیش کردووە "لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو وەزیر، جەختیان کردووەتەوە لە پێشخستنی ئاسۆی ھاریکاری ھاوبەش لە بوارەکانی وزە، نەوت، غاز، بەستنەوەی کارەبا، ھەروەھا وزەی نوێبووەوە".

بەپێی زانیارییە راگەیەندراوەكان، لیژنەی ئابووریی ھاوبەشی نێوان عیراق و تورکیا کە هەریەک لە حەییان عەبدولغەنی و ئاڵپارسڵان بایراکتار سەرۆکایەتی دەکەن، بڕیاریداوە 19ەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا ئەنجامبدرێت کە لە  داھاتوودا وادەکەی دیاریدەکرێت.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan