کوردستانی

وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات و هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات و هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە
مەودا میدیا-

وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە عیراق و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم گەشتەیدا سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ بەرپرسانی كورد كۆبوونەوە ئەنجامبدات.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئاب-2023 هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا یەكەمین سەردانی وەك وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ عیراق ئەنجامدا، بڕیاریش وایە سبەی چوارشممە، فیدان لە بەغدا درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات لەگەڵ ھەریەک لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، عەبدولـلەتیف رەشید، سەرکۆماری عیراق و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق محەمەد حەلبوسی کۆببێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی میدیای فەرمیی توركیا، دوابەدوای كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق، هاكان فیدان لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەی تورکمان لە بەغدا کۆدەبێتەوە.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا فیدان پرسەکانی ھاریکاریی ئەمنی، بازرگانی، ئابووری و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عیراق تاوتوێدەکات و تایبەت بە هێرشەكانی وڵاتەكەی بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستانیش گفتوگۆدەكرێت.

هاوكات جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ھەروەھا پرسە ھەنووکەییەکانی ناوچەکەیش لە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی عیراق ھەڵدەسەنگێندرێن، ماڵپەڕی زمانحاڵی حكومەتی توركیاش دەڵێت "ئەگەری ھەیە ھەناردەکردنی نەوت لە عیراقەوە بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ نەوتی سنووری هەرێمی كوردستان.

جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە، ھاکان فیدان دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، سەردانی ھەولێر دەکات و لەمیانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ دووشەممە، وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی بەسەردانێکی فەرمی بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس و لەنێویاندا دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیھانی تورکیا، گەیشتە ئەنقەرە.


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan