کوردستانی
چوار تۆمەتبار بە سكە و پەیكەری مێژووییەوە دەستگیركران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەهۆی مامەڵەكردنیان بە سكە و پارچەی مێژوویی و شوێنەوارەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم چوار تۆمەتبار دەستگیردەكات و لەئێستادا سەرجەمیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
ئەمشەو سێشەممە 22ی ئاب-2023 دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چوار تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە مامەڵەیان بە پارچەکانی شوێنەوارەوە کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین لە ماڵێکدا دەستیانگرت بەسەر چەندین سکە و پارچەی مێژوویی و شوێنەواری، چوار تۆمەتباریشیان بەوهۆیەوە دەستگیرکردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەکانی ئاسایش بە پشتبەستن بە بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژی 2023/8/17 توانیان چوار تۆمەتبار دەستگیربکەن، هەستاون بە مامەڵەکردن بە چەندین (سکە)ی قەبارە جیاواز و (دوو پەیکەری)هونەریی مێژووییش دەستیان بەسەرداگیرا.
ئەوەش هاتووە، تۆمەتباران لە رەگەزی (نێر)ن و دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، لە ئێستاشدا بە مادەی 24 لە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2021ی شوێنەوار راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
ژ.ع