کوردستانی
بۆ یادی خیانەتی 31ی ئاب یەكێتی پەیامێكی بڵاوكردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 28 ساڵ بەسەر رۆژی خیانەتی نیشتمانی 31ی ئابدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەیدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت "ئەو خیانەتە برینێكی قووڵی لە جەستەی میللەتی جینۆساید دیدە و قوربانیدەری كورد دروستكرد كە دوای بیستوهەشت ساڵیش هێشتا سارێژ نەبووە و پاشماوە و ئاسەواری سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و بگرە كەلتورییشی بەسەر هەرێمەكەمانەوە ماوە.
ئەمەش دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە:
بە بۆنەی 28 ساڵەی یادەوەری تاڵی خیانەتی 31ی ئاب
بیست و هەشت ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب ،كارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەكەمان تێپەڕ دەبێت كە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان، لەسەر بانگێشتی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە پێناو سەپاندنی باڵانسێكی ناڕەوا. لە ناو پرۆسەی سیاسیی وڵاتەكەماندا، كە دەكرا لە جیاتی سەپاندنی خیانەت و سەپاندنی هەژموونی نانیشتمانیی و نا نەتەوەیی، بە بانگەوازی كوردانە و پەرۆشییەكی ئاشتیخوازانەوە ناكۆكی ناوخۆیی چارەسەر كرابا و خوێن و خەمێكی زۆر بۆ گەلی كوردستان و ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەزموونەكەمان كە لەسەرەتای دروست بوون و پێكهاتندا بوو، بگێردرابایەوە.
دەرەنجامی ئەو خیانەتە هەر زیان گەیاندن بە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و شەهید و بریندار و ئاوارەكەوتنی سەدان تێكۆشەری یەكێتیییەكەمان و خەباتگێڕانی كوردستان نەبوو، هەر كوشتن و راوەدوونانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژی رژێمە دیكتاتۆرییەكەی سەددام نەبوو، بەڵكو برینێكی قووڵی لە جەستەی میللەتی جینۆساید دیدە و قوربانیدەری كورد دروستكرد كە دوای بیستوهەشت ساڵیش هێشتا سارێژ نەبووە و پاشماوە و ئاسەواری سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و بگرە كەلتورییشی بەسەر هەرێمەكەمانەوە ماوە ،ماوەیەكی زۆریش ناوبانگ و ناوەرۆكی رەوا و ئازادیخوازانەی كوردایەتی لە دونیا لەكەدار كرد .بە داخیشەوە سیاسەتە چەوتە دووبارەبۆوەكانی لێرە و لەوێی پارتی هەمیشە قەتماغەی برینی هاوینی خیانەت هەڵدەداتەوە و زامی پایتەختی داگیركراوی رۆژە شوومەكەی ٣١ی ئابیش هەروا دەكوڵێنێتەوە.
لەم نزیكەی سێ دەیەدا میللەتی بەسەبر و دانبەخۆداگرتووی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیش ، لەبەر ئایندەی وڵاتەكەمان و بۆ فراوانكردنی دەرفەتی پێكەوەیی و تەبایی كوردستانیی، ئەم رۆژە ناخۆشەی كوردستانی بە هەڵسەنگاندنی مێژوو سپاردووە و لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان، لەبەر ئارەق و رەنجی دەیان ساڵەی كوردایەتی، لە زۆر هەقی رەوای خۆی خۆشبووە و پەیامی ئاشتی و هەڵدانەوەی لاپەرەیەكی تازەی بەرزكردۆتەوە تا بە سیاسەت و دیالۆگی ئاشتیخوازانە ئەزموونەكەمان بە پایەداری بهێڵێتەوە و گەشەی پێ بدات و سەرەڕای زامی قووڵی خیانەت بگاتە ئامانجەكانی، كەچی بەداخەوە پارتی ، لە جێی پێداچوونەوە بە هەڵەكانی، لە جێی یارمەتی سارێژبوونی برین و ناسۆرییەكانی رابردوو. لە هەر دەرفەتێكی بچوكی ناكۆكی خۆماڵیدا خوێ بە برینی نەتەوە و نیشتماندا دەكا، پشتبەستوو بە بەڵانسی ناڕەوای هێز و هەژموونی بە دەستهاتوو لە كەینوبەینەكانی دوای 31ی ئاب گەرەكێتی مێزی خیانەت و ناپاكی بەسەر خەڵكی تردا قڵپ بكاتەوە ، هەر بۆیە گوتاری تەنگەتاوی سیاسیی و دیاردەی دزێوی تۆمەتبەشینەوەی گوایە خیانەت و تانە و تەشەری نەتەوەیی و نیشتمانیی، دەستكاری مێژوو و زەوتكردنی سەروەرییەكانی خەباتی هەمەلایەنەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان ، بۆتە گوتاری زاڵ و بنێشتەخۆشەی سەر زمانی ناوەندی دەسترۆیشتووی ئەو حزبە. كە ئەم دیاردە دزێوە هەم رێی لە هەڵسەنگاندنێكی واقیعیانەی رووداوەكان گرتووە و هەمیش یارمەتی هیچ پەرۆشییەكی ئایندەیی نادات كە مەبەست لێی سپاردنی رابردووی تاریكی خیانەت بێت بە دوارۆژێكی رووناك بۆ گەلەكەمان.
بۆ لاوانی داهاتووی كوردەواری .
لەم یادەوەرییە خەمناك و تاڵ و پڕ سوێیەدا ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی ویژدانێكی زیندووی كوردانەوە، پشت بەستوو بە قەڵای قوربانییەكانی رابردووی بۆ ئازادی و بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و بۆ دوارۆژی نەوەكانی كوردستان، بانگەوازی خەباتێكی یەكێتیانە و بەرپرسانە و دیموكراتیانە دووپات دەكاتەوە كە رووی لە ئایندەی گەش، رووی لە جۆشدانەوەی خەباتی نوێباوی كوردایەتی بێت بەرەو ڕاستكردنەوەی رێرەوی حوكمڕانی، بەرەو گێڕانەوەی بەڵانسی هێز لە كوردستان و بۆ لە قاودانی هەموو ئەو هەلومەرجە ناجۆرانەی بوونە باعیسی قۆرخكاری و جیاكاری و ستەمكاری و... بوونە مایەی بەتاڵكردنەوەی زۆر جومگەی ئەزموونەكەمان لە ناوەرۆكە نیشتمانیی و دیموكراتی و دادپەروەرییەكەی، كە سەرچاوەی ماكی ئەم هەموو ناجۆرییەش خیانەتی ٣١ی ئابە، بە تایبەتی لە سایەی فەرهەنگێكی بێ مۆڕاڵی دواكەتوودا كە تا ئێستاش ئەم شەرمەزارییە سیاسییە بە دەسكەوتی گوایە نەتەوەیی و نیشتمانی دەناسێنێ و بێ شەرمانە داكۆكی لێ دەكات و خۆی پێوە بادەدات.
لە یادی برینی بیستوهەشت ساڵەی ئابدا،
با بە خەباتی بێوچانی مەدەنی و ئاشتیخوازی و بە هەڵبژاردنی پاك و چاودێریكراوی عێراقی و نێودەوڵەتی بەر بەم نەزیفە نەتەوەییە بگرین و رۆحی شەهیدەكانمان، بە تایبەتی شەهیدانی بەرەنگاری داگیركردنی هەولێری پایتەخت، شاد بكەین.
بۆ پێشەوە
بەرەو ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و گێڕانەوەی باڵانسی هێز لە كوردستان.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
30ی ئابی ساڵی 2024