کوردستانی
حكومەتی هەرێم نەوت تاڵانفرۆش دەكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند "عیراق داوای لە هەرێم كردووە ئەگەر ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت تەسلیمی كۆمپانیای سۆمۆی بكات، ئەوا 600 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم حساب دەكەن، بەڵام هەرێم ئەوە ناكات و دەیفرۆشێت بە 170 ملیۆن دۆلار".
ئەمە دەقی راگەیەنراوەكەی سۆران عومەر-ە
عیراق داوا دەكات بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم كەم بكرێتەوە بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بكەن، بۆ هەر بەرمیلێكیش ٧٠ دۆلار حساب دەكەن و لەناوخۆ بەكاریدەهێنن.
عیراق دەڵێت، ئەو نەوتە مانگانە تەسلیمی سۆمۆ بكەن بە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار حسابی دەكەین، هەرێم ئەمە ناكات و دەیفرۆشێت بە ١٧٠ ملیۆن دۆلار و ١٢٠ ملیۆن دۆلاریشی دەدات بە كۆمپانیا بیانیەكان.
بەپێی نوسراوی ژمارە (٣٦٥٤٨)ی وەزارەتی نەوتی عیراق، ئاماژە بە نوسراوی ژمارە (١٨٨٩)ی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رۆژانە (٢٨٦٩٤٦) بەرمیل نەوتی خام بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هیچی تەسلیم بە كۆمپانیای سۆمۆ ناكەن، وەك وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی پێدەكات، بەپێی (مادەی ١٢/دووەم/ب ) لە یاسای بودجەی فیدراڵی عیراق هاتووە، لەكاتێكدا نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری نەڕوات بۆ بەندەری جیهانی توركی، یان هەر دەروازەیەكی رەسمی تر كە وەزارەتی نەوت دیاری دەكات، هەرێمی كوردستان پابەندە بە پێدانی ئەو نەوتە بەپێی (مادەی ١٢/دووەم/أ) بە وەزارەتی نەوتی عیراق تاكو لە ناوخۆ بەكاریبهێنێت.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٥٩/اتحادیە/ ٢٠١٢ و موحدتها ١١٠/ اتحادیە/٢٠١٩) هەرێمی كوردستام بۆی نیە نەوت هەناردە بكات بەبێ رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عیراق.
لەنوسراوەكەدا هاتووە، بەپێی یاسای ( ادارە المالیە والدین العام) ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ پێویستە سەرجەم داهاتەكان كە لە نەوت دەستی دەكەوێت رادەستی خەزێنەی گشتی عیراقی بكات.
وەزارەتی نەوتی عیراق بە رەسمی بە حكومەتی هەرێمی وتووە، گرێبەستە نەوتیەكانتان كە بە گرێبەستی هاوبەشی كراوە لەگەڵ لایەنە دەرەكیەكان لە وڵاتان و كۆمپانیاكان بۆ گەڕان بەدوای نەوت و دۆزینەوەی و هەڵكەندنی بیرەكان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی یاسایی نیە، پێویستە هەمووی رادەستی سۆمۆ بكرێت و داهاتەكەشی بخرێتە ئەو هەژمارەی لە بانكی ناوەندی بۆ ئەو مەبەستە كراوەتەوە.
داواش دەكات هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكاتەوە بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بكات.
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەنوسراوی ژمارە (١٨٨٩) وەزارەتی نەوتی ئاگاداركردۆتەوە كە رۆژانە( ٢٨٦,٩٤٦) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت (٢٠٠) هەزار بەرمیلی دەدات بەكرێی دەرهێنانی نەوت بە كۆمپانیاكان و خەرجیەكانی دیكەی نەوت كە مانگانە (١٢٠) ملیۆن دۆلارە و (٤٦) هەزار بەرمیلیش دەدات بە پاڵاوگەكان و ئەوی دیكەشی دەدات بەكرێی غازی كارەبا، بۆ هەر بەرمیلێكیش (٢٠ $) ی داناوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی بەرمیلی نەوت بە (٢٠$) دەفرۆشن، بۆیە هەرێم ئاگادار دەكاتەوە نەوتەكە رادەستی سۆمۆ بكەن، چونكە نرخی نەوت بەپێی یاسای بودجە بە (٧٠) دۆلار دانراوە، ئەوان بەو نرخە وەریدەگرن لەهەرێم و بۆ ناوخۆ بەكاریدەهێنن.
عیراق بە نوسراوی رەسمی دەڵێت، نەوتەكەمان رادەست بكەن لە ناوخۆ بەكاریدەهێنین مانگی (٦٠٠ ) ملیۆن دۆلار دەكات، هەرێم ئەمە ناكات خۆی دەیفرۆشێ بە (١٧٠) ملیۆن دۆلار، گوایە لەو پارە (١٢٠) ملیۆن دۆلاری دەداتەوە بە كۆمپانیا بیانیەكان و (٥٠) ملیۆن دۆلاریشی بۆ خۆی هەڵدەگرێت.
ئ پ