کوردستانی
ئەمڕۆ كۆتا وادەیە بۆ ناردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بۆ وەزارەتەكان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ شەممە، دوایین وادەیە بۆ گەڕاندنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەوی فەرمانبەران بۆ وەزارەتەكان و ئەگەری دواكەوتنیشی بەهۆی بایكۆتەوە هەیە.
ئاوات دەباخ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رایگەیاند "پێشتر بڕیار دراوە كە رۆژی شەممە 31ی ئاب، هەموو فەرمانگەكان فۆرمی ئەو فەرمانبەرانە بگەڕێننەوە بۆ وەزارەتەكانیان كە بۆ وەرگرتنی زەوی پڕیانكردووەتەوە".
وتیشی "ئەگەری ئەوە هەیە كە بەهۆی بایكۆتی هەندێك لە فەرمانگەكانەوە گەڕانەوەی فۆرمەكان بۆ وەزارەتەكان چەند رۆژێك دوابكەوێت، چونكە بەشێك لە فەرمانبەران بەهۆی بایكۆتەوە گرفتیان بۆ تەواوكردنی فۆرمەكان درووستكردووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "زۆربەی رێكارەكانی دابەشكردنی زەوی تەواوكراون و لە سنووری پارێزگای سلێمانیش نزیكەی 35 هەزار كەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. .
بەپێی زانیارییەكانی مەودا میدیا، دوای گەیشتنی فۆرمەكان بە وەزارەتەكان، جارێكیتر وردبینی بۆ دەكرێتەوە و دوای ئەوەش لە وەزارەتەكەوە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكرێت، دوای ئەوەش ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانێك رەزامەندی دەردەبڕێت و رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەكات.
ئ پ