کوردستانی
هیچ وادەیەك بۆ تۆماركردنی ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراك دیارینەكراوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
ماوەی ساڵێك و هەشت مانگە هەموو جۆرە مامەڵەیەكی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان راگیراوە و تا ئێستاش هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی دیارینەكراوە.
مەولود سامی، بەڕێوەبەری خۆراكی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە چەند ماڵپەڕێكەوە هەواڵێك بڵاوبووەتەوە گوایە تۆماركردنی ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراكی مانگانە دەستپێدەكاتەوە، بەڵام ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی راستی نییە، چونكە هیچ وادەیەك بۆ ئەو كارە دەستنیشان نەكراوە".
وتیشی "ماوەی ساڵێك و هەشت مانگە تۆماركردنی ناوی نوێ و هەموو مامەڵەیەكی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان راگیراوە و تا ئێستاش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هیچ وادەیەكیان دیارینەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی مامەڵە و تۆماركردنی نوێ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "راگرتنەكە تەنها هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لە هەموو عیراقە و هۆكارەكەشی ئەوەیە كە حكومەتی عیراق دەیەوێت فۆرمی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان بكات بە ئەلیكترۆنی، تا ئەو كاتەش هیچ مامەڵەیەك ناكرێت".
ئ پ