کوردستانی
رێكەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەكخستنی باج پەسەندكرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
دوای سەردانەكەی چەند رۆژی رابردووی وەفدی وەزاری عیراق بۆ كاروباری ئاابوری بۆ هەولێر، دەستەی گشتی باجی عیراق رێكەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدادی بۆ یەكخستنی كاری باج پەسەندكرد.
دەستەی گشتی باجی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە "هەریەك لە وەزیرانی دارایی لە حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بە مەبەستی یەكخستنی رێكارەكانی باج و كاركردن لە سەرجەم لقەكانی باج لە عیراق رێكەوتنێكی هاوبەشیان ئیمزاكردووە و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتووشدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
باسی لەوەشكردووە "یەكێك لەو بڕگانەی كە رێكەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە كە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان بخرێنە سەر سیستمی ژمێریاری باج".
لە سەردانەكەی وەفدی وەزاری عیراق بۆ كاروباری ئابوری، یەكێك لەو بابەتانەی كە باس لە رێكخستنەوەی كرا، بابەتەكانی باج و گومرگ و دەروازە سنورییەكان بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا تا هەرێمیش هاوشێوەی عیراق كار بە سیستەمی ئەسكیودا بكات.
ئ پ