کوردستانی

مامۆستایانى ناڕازى وه‌ڵامى به‌رپرسێكى په‌روه‌رده‌ ده‌ده‌نه‌وه‌"چی ده‌ڵێن؟"

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامۆستایانى ناڕازى وه‌ڵامى به‌رپرسێكى په‌روه‌رده‌ ده‌ده‌نه‌وه‌"چی ده‌ڵێن؟"

مه‌ودا میدیا-

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی لە بلاوکراوەیەکدا، وەڵامی جیگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەدەنەوە و رایده‌گه‌یه‌نن "خەباتی مامۆستایان لە پێناو قووت و شکۆ و ژیانێکی شایستەدا بووە و هەیە".

دەقی بڵاوکراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی:

وەڵامێکی پێویست بۆ جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

دوێنێ چوار شەممە ٢٠٢٤ / ٩ / ١١جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چوار چێوەی وتارێکی نێو بۆنەیەکی پەروەردەییدا هەندێك دەستەواژەی ناپەروەردەیی بەکار هێنا، وێڕای ئەوەی تۆمەتێکی ناڕەوای خستەپاڵ مامۆستایانی خاوەن ئیرادەی شەقام، لە بری ئەوەی باس لە گرفتەکانی پەروەردە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پلانی سەرخستنی کەرتی پەروەردە بکات کە ساڵ بەساڵ وێرانتر دەبێت.

لە وتارەکەی بەڕێز مامۆستا عومەر (ج.ب. گ.پ.س)دا، زۆر بە توندی و بە خۆهەڵکێشانەوە خەباتی مامۆستایانی ناڕازی بەدەست شکانەوە لەگەڵ پەروەردەدا لەقەڵەمدا و وتی( ئێمە دەست شکانەوەکەمان بردەوە) کە لە ڕاستیدا خەباتی مامۆستایان لە پێناو قوت و شکۆ و ژیانێکی شایستەدا بووە و هەیە، وە ئێمە هەمیشە خوێندکار و مامۆستا و دامەزراوە پەروەردەییەکانمان وەك یەك پاکێج تەماشاکردووە و لە خەمی ئەوەدا بووین کە خوێندن بە شێوازێکی دروست بخرێتەوە سەر پێی خۆی و تەنها بەڕێکردنی ساڵ نەبێت و گرفتەکان چارەسەر ببن، نەك دەستشکانەوە و بردنەوە و دۆڕاندن.

بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە بە دەستەواژەی ناپەروەردەیی و لێکەوتەی دەستوەردانی حیزبی دەزانین لە کایەی پەروەردەدا، بۆیە لێرەوە بە بەڕێزیان و هەموو ئەوانەی بەو شێوازە بیردەکەنەوە دەڵێین نەك دەست شکانەوەکەتان نەبردۆتەوە بەڵکو ئێوە کەرتی پەروەردەتان وێران کردووە و هەر لە یەکەم هەفتەی بڕیاری بوێرانەی خۆپیشاندانەکان و بایکۆتی ناچاری مامۆستایانەوە دەستی حیزبیتان شکایەوە و گەر کەمێك لە خەمی پەروەردەدا بوونایە دەبوو هەر زوو دەستی شکاوەتان بکێشایەتەوە، کە لەڕاستیشدا دەبوو دەست شکانەوەی ئێوە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بێت کە خوێندنی بێ بەها کردووە و قوت و ژیانی خەڵکی بڕیوە کە خۆتان بەشێکن لێی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت(مامۆستایانی ناڕازی ویستیان ئاراستەکەیان بەرەو ماڵی من بێنن و بەرد بارانم کەن)، ئەم قسەیە وێڕای ئەوەی هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نیە، هەوڵی خۆ وەك پاڵەوان نیشاندانە و هیچیتر، چونکە لە ماوەی خەباتی مەدەنیدامامۆستایان جگە لە دامەزراوە فەرمیەکان و بارەگا حیزبیەکان کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و وێرانکاریەکانی ئەم وڵاتەن، نە چوینەتە هیچ جێگایەکیتر و هەر جێگایەکیش بڕیارمان لێدابێت خۆپیشاندانمان تێدا ئەنجامداوە و سڵمان لە فشار و هەڕەشەی هیچ بەرپرسێکی باڵای بڕیار بەدەستیش نەکردۆتەوە نەك ئەوانەی کە هیچ بڕیارێکیان لا نیە، بۆیە قسەکانی جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەد دەکەینەوە و بەهەوڵی خۆبردنە پێشەوەی حیزبی دەزانین و بە بیری دێنینەوە کە مامۆستایان لەماوەی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەدا لە هەر جێگایەك بڕیارمان لەبارەوە دابێت خۆپیشاندانەکانمان ئەنجامداوە، هەر لە چوونە هەولێر و بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان و بەردەم بارەگای سەرەکی حیزبەکان و سەرای ئازادی و گرتنی رێگای سەرەکی کەرکوك -سلێمانی لە بازگەی چیمەن و دوا خۆپیشاندانیش بۆ بەردەم دەباشان بوو، وەچەندین بڕیاریتری گرنگی بوێرانە.

لەکۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە حکومەتێكی شکستخواردووی پڕ لە قەیرانی نابەرپرس دەبێت بزانێت بەرپرسەکانی چۆن قسەدەکەن تالەوە زیاتر نەبنە بارگرانی، چونکە مامۆستایان و فەرمانبەران وەك زیندوترین توێژ لە دەساڵی ڕابردوودا گەورەترین نەخێریان بەگوێی دەسەڵاتدا داوە و توانیویانە دەنگی ناڕەزایی بگەیەننە تەواوی ناوەندە جیهانیەکان و لە عێراقیشدا بە چاوی خۆتان دەبینن ڕۆژ بە ڕۆژ چ شکستێك ڕووبە ڕووی ئەم دەسەڵاتە دەبێتەوە و چۆن هەنگاوە مەدەنیەکانمان توانیان بگەنە دادگای فیدراڵی و پەرلەمان و حکومەت و ناوەندەکانی بڕیار لە بەغداو لە هەمووشیاندا ئیرادەی خەباتی مەدەنی سەرکەوتوو بوە و دەستی دەسەڵاتی خۆسەپێنیتێدا شکاوە، تازە بەتازە بەرپرسێكی بەتەزکیە دانراوی حیزبی باسی بردنەوەو دەست شکانەوە دەکات، لە بری ئەوەی داوای لێبوردن لە کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایان بکەن و بڵێن ئێمە نەمانتوانی چارەسەری گرفتەکان بکەین و ئەوە چەندین ساڵە خوێندن بەڕێ دەکرێت و هیچ ساڵێك وەك ساڵێکی ئاسایی تێنەپەڕیوە و داوای لێبوردنتان لێ دەکەین، نەك خۆ هەڵکێشان و لێدوانی ناپەروەردەیی.

سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی

١٢/٩/٢٠٢٤

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان