کوردستانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی: هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیاد ناکەین
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سهرۆكى یهكێتى رایدهگهیهنێت "ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە مەسعود پزیشکییان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانیان لەیاد ناکەن".
له راگهیهندراوێكدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند "سەردانە مێژووییەکەی پزیشکییان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عیراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال، ئەندازیار و بناغەدانەری بووە".
راشیگەیاند "لەدیدارەکەدا لەگەڵ پزیشکییان جەختیان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتیانکردەوە، رێگەنادەن و نایانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجیانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەیانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا".
وتیشی "لەدرێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعـشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون".
بافڵ جهلال تاڵهبانى، ئاماژەى بەوەشکرد "هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانیان لەیاد ناکەن و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبن کە سەرۆک مام جەلال، پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو".
ئهوهش هاتووه "پزیشكییان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بوونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد، رێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرن و هیوادارن گەشەی زیاتری پێبدەن، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانیان دەبن".
پ ح ع