کوردستانی
هۆشدارییەكی بەپەلە دەدرێتە هاوڵاتییانی كەلار
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و هۆشداری داوەتە دانیشتووانی شاری كەلار لە كڕینی یەكەكانی یەكێك لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە شاری كەلار.
لە راگەیەنراوەكەی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكارانی كوردستاندا هاتووە، بەم نزیكانە فراوانكردن بۆ پڕۆژەی بان ستی (بامۆك) دەكرێت لە كەلار، بۆیە داوا لە ئەندامانی سنوری لقەكەمان دەكەین هەركەس ئارەزوومەندە سەردانمان بكات بەمەبەستی ناونوسین و فۆرم پڕكردنەوە بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، بەپێی زانیارییەكانمان كۆمپانیای ناوبراو لە ئێستادا ریكلام دەكات بۆ فرۆشتنی یەكە نوێیەكان بەبێ ئەوەی هیچ مافێكی یاسایی وئیداری هەبێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەندیكاكەمان، لە كاتێكدا رەزامەندی وەرگرتنی زەوی بۆ فراوانكردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتەوە وەرگیراوە بۆچینی كرێكاران و ئەندازیاران.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هۆشداری دراوەتە هاوڵاتییان و دەڵێت "داوا لە دانیشتوانی سنوری شاری كەلار و گەرمیان دەكەین هیچ كەسێك متمانە بە كۆمپانیا نەكات بە مەبەستی كڕین و فرۆشتنی ئەو یەكانە، چونكە هێشتا كۆمەڵێك رێكاری ئیداری و یاسایی وەك، پەسەندكردنی سایت پلان، نەخشەی پێكهاتەی خانوو، نرخ و شێوازی پارەدان، تەواو نەكراوە، بۆیە هەركەس مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا بكات خۆی بەرپرسە و رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە".
راگەیەنراوەكە دەشڵێت "لەم رۆژانەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەواوی ئەو راستییانە دەخەینەروو بۆ خەڵكی سنورەكە و لە رێگەی یاساوە سكاڵا دژ بە كۆمپانیای ناوبراو تۆمار دەكەین".
ئ پ