کوردستانی
دابەشکردنەوەی ئاوی ماڵانی ئەم شارە دستپێدهکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار بڵاوی کردەوە کە رۆژی شەممە بەھۆی کوژاندنەوەی کارەبا لە ناوچەکە، ئاوی ماڵان دابەشناکرێت، وەک بەڕێوەبەری ئاوی کەلار رایدەگەیەنێت "بڕیارەکە تەنھا بۆ یەک رۆژ بووە و ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنەوەی ئاو دەکەنەوە".
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیانەوە پێیان راگەیەندرا، کوژاندنەوەی کارەبا تەنھا بۆ رۆژی شەممەیە و رۆژانی دواتر کارەبا دەدرێت و گرفتی کوژاندنەوەی کارەبایان نابێت".
وتیشی "لەبەر ئەوەی ئەوان رۆژانە 16 کاتژمێر ئاوی پاڵاوتە دابەشدەکەن و کارەباش لە دوای کاتژمێر 4:00ی ئێوارە دەدرێتەوە، بۆیە ناتوانن لە دابەشکردنی ئاو بەردەوام بن و لەبەر ئەوە بڕیاریان داوە رۆژی شەممە بە تەواوی ئاو بە سەر ماڵانەدا دابەشنەکەن".
سەبارەت بەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، کوژاندنەوەی کارەبا دوو ڕۆژ دەخایەنێت، سامان رەحیم، روونیکردەوە "پێیان وتوون تەنھا یەک ڕۆژی ناوچەی ئێوە دەگرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئاسایی دەستدەکەینەوە بە دابەشکردنی ئاو بە سەر ماڵاندا".
پ ح ع