کوردستانی
پارتی لە کەرکوک، دیسان نارازییه
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتی لە عیراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت، بەڵام پارتی لە کەرکوک لەگەڵ سەرژمێریی کردندا نییە و داوای دواخستنی دەکات.
ئەمڕۆ 23ی ئەیلوول، محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک لە کۆنگرهیهکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "دوای سەرژمێریی ساڵی 1957، هەر سەرژمێرییەک کراوە، کەموکوڕی هەبووە، یان هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی تێدا پەراوێزخراوە، چونکە بەردەوام لە کوردستان شۆڕش هەبووە و هاونیشتمانییان بە تەواوی سەرژمێری و ناونووس نەکراون".
وتیشی "ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی سەرژمێرین، بەڵام حەق بوو سەرەتا ماددەی 140 جێبەجێبکرێت، دەبووایە دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە و ئەو کات سەرژمێری بکرێت، بۆیە داوا دەکەین ئەم سەرژمێرییە دوابخرێت، جارێ هێشتا زووە بۆ بەڕێوەچوونی".
محەمەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد "کۆچکردنی هاونیشتمانییان لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ژمارەی کورد لەو ناوچانە و گۆڕینی هاوکێشەکان دەبێت، بۆیە داواکارن لەو هاونیشتمانییانەی لە کەرکوک نەماون، بگەڕێنەوە و لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردندا ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ئەگەر نەگەڕێنەوە، بێگومان زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە".