کوردستانی

مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى: ریفراندۆم ئامانجه‌كانى نه‌پێكا

مەودا میدیا - سلێمانی |


مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى: ریفراندۆم ئامانجه‌كانى نه‌پێكا

مه‌ودا میدیا-

مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌بۆنه‌ى ساڵیادى ریفراندۆمى ساڵى 2017 ده‌ڵێت، جا لەجیاتی ئەوەی سەرکردایەتی ئەوسای ریفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەرکردایەتی خۆسەپێن و قۆرخکاری ناو  پارتی، شان بداتە بەر ئەرکەکانی چارەسەرکردنی لێکەوتەکان و ساڕێژی برینەکانی دوای شکست، کەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ریزەکانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەخوازراوەکانی پرۆسەی ریفراندۆمدا کرد.

پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی ساڵرۆژی ریفراندۆم

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

لای هەمووان ئاشکرایە کە مافی ریفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی گەلەکەمان خۆی لە خۆیدا، بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، مافێکی رەوا و دیموکراتییە، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس کردووە و لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و قوربانی داوە، وەک پرەنسیبی نەگۆڕی خۆی لەگەڵ رەخساندنی هەلومەرجی دروست و گونجاو  بووە بۆ پیادەکرنی ئەو بژاردە دیموکراسی و نیشتمانییە،  کە دەبوایە لە ریفراندۆمی 25/9/2017یشدا، بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەکەمان کە ئامۆژگاری و پێشنیازی  دۆستانەیان کردین لە دۆخێکی باشتری تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی کرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەکانیشدا هەمووان پێکەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەرکەکان. 
  بە داخەوە دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم وا نەکەوتەوە کە هیوای سەربەخۆیی کوردستان بەدیبهبێنێت. 
جا لەجیاتی ئەوەی سەرکردایەتی ئەوسای ریفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەرکردایەتی خۆسەپێن و قۆرخکاری ناو  پارتی، شان بداتە بەر ئەرکەکانی چارەسەرکردنی لێکەوتەکان و ساڕێژی برینەکانی دوای شکست، کەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ریزەکانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەخوازراوەکانی پرۆسەی ریفراندۆمدا کرد، بە جۆرێک لە جێبەجێکردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پرۆسەی ریفراندۆمیان کردە دەسکەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە کردەوەش خاکی کوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەکان، بۆ قەدەری کەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێهێشت ، بەتایبەت کە ئەوکات جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانیان بە دەست بوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕکردنی ئاکامی ریفراندۆمەکە و پاڕانەوە و پێشکەشکردنی سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ریفراندۆمێکی بێ ئاکامیان ،کردە گوتارێکی سیاسیی هەرزان،  بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەکانی دواتر لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان. هەر ئەو کاتەش یەکێتی و  هێزی پێشمەرگەی یەکێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەهید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵکەکەشمان بەدیدێکی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە کاتێکدا لایەنی تر لە کۆڕی رووبەرووبونەوەدا هەڵهاتن و لە سەکۆی هاشوهوشی ئیعلامیشدا تۆزی شکستیان بە تەخوین و تۆمەتبارکردنی هێزە نیشتمانییەکان داپۆشی و نەیانهێشت هەلومەرجی هەڵسەنگاندنێکی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەکە بێتە کایەوە تاوەکو کەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شکستەکەی ریفراندۆم و بەدواهاتووەکانی لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، دەستنیشان بکرێت.
خوشک و برایانی خۆشەویست 
 سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بیرەوەری حەوت ساڵەی دەرئەنجامی ریفراندۆمدا کە هاوکاتە لەگەڵ وادەی موژدەبەخشی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، پشت بەستوو بە هۆشیاری گەلەکەمان و ویستی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و بەرپەرچدانەوەی چەوتی و قۆرخکاری لە سیاسەت و ئیدارەدا، کۆششی گەورە بۆ پێچانەوەی دۆخی دژواری رابردوو دەکات و ئومێدی زۆری بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە کە سزای سیاسەتی سەرکێشانە و پاوانخوازی و بێ پەروایی بدەن و چانسی نوێ بخەنە بەردەم گەلەکەمان تا حکومڕانییەکی بەرپرس و لێوەشاوەتر بێتە کایەوە و جارێکی تر، وەک سەردەمی زێڕینی سەرۆک مام جەلال، سیاسەتی ژیرانەی یەکێتی و دەربەستییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی، پێکەوە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادیدا، بڕیاری دروست لەسەر ئایندەی کوردستان بدات، بە جۆرێک لەسەر دوو پایەی پتەوی باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پێداگری لەسەر ویستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەگوێرەی ئیستحقاقی دەستووریی خۆمان، پەیوەندییەکی هاوسەنگ و تەندروست لەگەڵ بەغدا بێنێتەکایەوە. دوور لە خیتابی هەڕەشە وگوڕەشەی بێبنەمای سەردەمی ئاهەنگسازی ریفراندۆم و دوور لە خیتابی چەمانەوەیان دوای لێکەوتە شەرمەزارییەکانی راکردنیان لە هەموو بەرەکانی رووبەرووبوونەوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دا.
کوردستانیانی خۆشەویست
بۆ پێشەوە بەرەو ڕاستکردنەوەی رێڕەو و گرتنەوە دەستی جارەنووسی گەلەکەمان بە گوێرەی ستراتیژێکی کوردستانیانەی ڕاستەقینە، دژ بە هەرزان فرۆشی و پشت بەستن بە هێز و ئەجیندای گوماناوی ئیقلیمی.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان