مەودا میدیا-
دوای ئەو وەرزە پڕبارانەی كە هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئێستا سەرجەم بەندا و پۆندەكانی هەرێمی كوردستان سەرڕێژبوون جگە لە بەنداوەكانی دووكان لە پارێزگانی سلێمانی و گۆمەسپان لە پارێزگای هەولێر.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند” ئەمساڵ تا ئێستا تەنها دوو بەنداو ماون لە هەرێم سەرڕێژ ببن كە ئەوانیش بەنداوەكانی دووكان و گۆمەسپانن”.
وتیشی” بەنداوی دووكان تەنها یەك مەتر و 15 سم-ی ماوە بۆ پڕبوون و چاوەڕێ دەكەن كە سەرڕێژ ببێت، بەڵام دڵنیا نین لەوەی كە ئەمساڵ سەرڕێژ دەبێت یان نا، بەڵام بەنداوی گۆمەسپان بۆ ئەمساڵ سەرڕێژ نابێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” لە هەموو حاڵەتەكاندا ساڵانە ئەو ئاوەی كە لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستاندا گلدراوەتەوە بەشی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بە تایبەتی بواری كشتوكاڵ تەنانەت ساڵی رابردووش كە ئاوی بەنداوەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی، بەڵام هەندێك جار بابەتەكە گەورە دەكرێت و واپیشان دەدرێت كە هەرێم لەو كاتانەدا تووشی قەیرانی ئاو دەبێت كە ئەوەش بەو شێوەیە نییە”.
باسی لەوەشكرد” هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ حكومەتی عیراق هەیە لەسەر چۆنیەتی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكان و تا ئێستا هیچ گرفتێكیان بۆ درووست نەبووە، هەركاتیش پێویست بكات بڕێكی زیاتر ئاو بەردەدەنەوە و ئەوە گرفتێكیان بۆ دروست ناكات”.
ئ پ