لە پشت پەردەی ئۆفەرە هەرزانەکانەوە ژەهرێک لە قاپی رازاوەدا

ئیڤانۆ عەبدوڵڵا

لەگەڵ گەشەکردنی خێرای بازاڕی چێشتخانەکان و رکابەریی توندی بە بازاڕکردن، دیاردەی ئۆفەری هەرزان بووەتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ئامرازەکان بۆ راکێشانی هاوڵاتییان، بەڵام لە پشت ئەم نرخە کەم و وێنە جوانانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هاوکێشەیەکی ئابووری و تەندروستیی مەترسیدار شاراوەتەوە کە راستەوخۆ دەست بۆ سەلامەتی گشتی دەبات.

هاوکێشەی تێچوو و کوالێتی

کاتێک هاوڵاتییەک لە ناو ماڵی خۆیدا هەوڵی ئامادەکردنی ژەمە خۆراکێکی سادەی وەک پیتزا یان مریشکی سوورکراوەی کنتاکی دەدات، کڕینی کەرەستەی خاوی پاک لە گۆشتی فرێش، پەنیری باش و زەیتی تەندروست، تێچووەکەی لە سەرووی ۲۰ هەزار دینارەوە دەوەستێت. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا دروست دەبێت: چۆن چێشتخانەیەک هەمان ئەو ژەمە، بە دیاری و ئۆفەری زیاده‌وە، بە ۱۰ یان ۱۲ هەزار دینار پێشکەش بە بەکارهێنەر دەکات؟

چێشتخانەیەک کە کرێی شوێن، مووچەی کارمەند، فێنککەرەوە و کارەبا و سوودی بازرگانی لەسەرە، مەحاڵە بتوانێت بە کەرەستەی فرێش و ئاستبەرز نرخەکان بۆ ئەم ئاستە دابەزێنێت. وەڵامی ئەم پرسیارە ئاشکرایە: کەمکردنەوەی تێچوو لە حساب و بەهای کوالیتی خۆراکەکەدا دەکرێت.

تەندروستی دەکرێتە قوربانی

پشتبەستن بە گۆشتی بەستووی درێژخایەن کە سەرچاوەکەی نادیارە، بەکارهێنەرەوەی زەیتی سوورکردنەوە بۆ چەندین جاری یەک بەدوای یەک و بەکارهێنانی پەنیری دەستکردی پڕ لە چەورییە رەقەکان، ئەو تێکەڵەیەن کە تێچووی بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە، بەڵام ئەم کەمکردنەوەیە لەڕاستیدا قەرزێکی قورسە کە دواتر بەکارهێنەر لە نەخۆشخانەکاندا بە تەندروستیی خۆی و پارەیەکی زۆرتر دەیداتەوە لە رێگەی نەخۆشییەکانی گەدە، دڵ و شێرپەنجەوە.

هۆشیاریی بەکاربردن

پاراستنی تەندروستیی خێزان پێویستی بە گۆڕینی تێڕوانین بۆ هەرزانی هەیە. هەرزانی لە خۆراکدا زۆرجار گرانترین بژاردەیە لە داهاتوودا. گەڕانەوە بۆ خۆراکی ماڵەوە و هۆشیاربوونەوە لە ئامانجە بازرگانییەکانی پشتی ئەم ئۆفەرانە، تاکە رێگەی دەربازبوونە لەم دیاردە مەترسیدارە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان