مەودا میدیا-
كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لەبارەی رێكەوتنی حكومەتی سوریا و هەسەدە-ەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت” پێویستە مافەكانی گەلی كورد لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا بەروونی و بێ هیچ لێڵییەك جێگیر بكرێن”.
دەقی راگەیەنراوەكە:
لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی بەرانبەر بە دۆخی هەستیاری رۆژئاوای كوردستان و ئەو گۆڕانكارییە سیاسییە خێرایانەی كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی بە ووردی چاودێریی پڕۆسەی گفتوگۆ و رێكەوتنی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكومەتی سوریا دەكات.
سەرەڕای باوەڕبوونی تەواوەتی و نەگۆڕی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی بە پرەنسیپی دیالۆگ، گفتوگۆی شارستانی و گرتنەبەری رێگەچارەی ئاشتییانە وەك تاكە بژاردەی دروست بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەڵام بە دەنگێكی بەرز و دلێرانە دووپاتی دەكەینەوە كە هەر جۆرە رێكەوتنێك نابێت لەسەر سازشكردن بێت لەسەر مافە رەواكانی گەلەكەمان.
ئێمە لە كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی جەخت دەكەینەوە كە پێویستە مافەكانی گەلی كورد لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا بەروونی و بێ هیچ لێڵییەك جێگیر بكرێن، دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە كورد گەلێكی رەسەن و پێكهاتەی سەرەكیی ئەو خاكەیە و دەبێت مامەڵەی هاوڵاتی ژمارە یەك لەگەڵ كورد بكرێت، هاوكات، مەرجێكی بنەڕەتییە كە زمانی كوردی دانی پێدا بنرێت.
لێرەوە بەروونی رایدەگەیەنین، كۆنفیدراسیۆن دژی هەر هەوڵ و پیلانێكە كە ئامانجی لێدان یان نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی ڕۆژئاوای كوردستان بێت، ئێمە پێمان وایە مانەوە و بەهێزكردنی ئەم قەوارە كوردستانییە و چارەسەركردنی ریشەیی پرسی كورد، كلیلی سەرەكییە بۆ دەستەبەركردنی سووریایەكی ئارام، سەقامگیر و خاوەن ئایندەیەكی گەش، مەحاڵە بەبێ چارەسەركردنی دادپەروەرانەی دۆزی كورد، هیچ جۆرە سەقامگیرییەك لە سووریادا بەدی بێت.
بۆ ئەم مەبەستە و وەك پەیامێكی هۆشداری و فشار، دووپاتی دەكەینەوە كە خۆپێشاندانە فراوان و جەماوەرییەكەی سبەی لە شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئامانج لێی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەیە بە هەموو جیهان، ئێمە سبەی هەموومان بە یەك دەنگ داوا دەكەین بە هیچ شێوەیەك نابێت مافەكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان پشتگوێ بخیرێن یان بكرێنە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییە كاتییەكان.
سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان و پارێزراو بێت قەوارەی رۆژئاوای كوردستان
بژی كورد..بژی كوردستان…
كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی
30ـی كانوونی دووەمی