مەودا میدیا-
دوای متمانەدان بە وەزیرە نوێیەکان و تەواوبوونی کابینەی حکوومەت، سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد حکومەتەکەی لە پێنج مانگی رابردوودا لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا کاری کردووە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند “هەنگاوی مێژووییان بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان ناوە و لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و داخوازییەکانی هاوڵاتییان بەردەوام دەبن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەت بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و وەرگێڕانی بڕیار و پلانەکان بۆ ئەنجامی دروست کە هاوڵاتییان لە ژیانی رۆژانەیاندا هەستی پێبکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “داوا لە جێگرانی سەرۆک وەزیران و وەزیرە نوێیەکان دەکات بە گیانی یەک تیم و بە بەرزترین ئاستی دەستپاکی و لێهاتوویی کار بکەن بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان”.
باسی لەوەشکرد “سوپاسی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی عیراق دەکەن بۆ هاوکارییان لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و جەختی لە بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەکەنەوە”.
ب ح