د.ئەحمەد کەرکوکی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە دەنگ نەدان بە هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان، بۆ پارێزگاری نوێی کەرکوک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد لەنێو ئەم ململانێ و کێشمەکێشمە سیاسیەی عیراق و ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوەو ئەو گۆڕانکاریە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەی لەئارادا هەیە و لەسەر بنەمای شەڕ و شڵەژانی ئیقلیمی نێوان چەن زلهێزێکی ناوچەکە پێویستە روانینیان دوورمەودا بێت.

د.ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند “ئەوان لە فڕاکسیۆنی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە سەرەتا بەشایەتی یار و نەیار هەوڵی زۆریان دا لەگەڵ برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان تا پێکەوە حکومەتی خۆجێی درووست بکەن و پێویستیان بەکەسی تر نەبێت، بەڵام نەک تەنها نەهاتن بەڵکو سکاڵاشیان لەسەر ئەندامان و پارێزگارێکی کورد تۆمارکرد، ئێستا تێناگەن بۆ پشتگیری کاک رێبوار دژ بوون بۆ لادانی کاک ڕێبوار هەر دژن، ئەمە مانای چیە؟ بۆ مەگەر لەهەولێر وەزیری تروکمان نیە؟”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەوان لەبەر ئەوەی واقعیانەو دوور لە عاتیفە سیاسەت دەکەن، بڕوایان بەپێکەوەژیانی ڕاستەقینە هەیە و لەپێناو بەفیڕۆنەچوونی دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان پەنامان بردە بەر هێزە سیاسیەکانی تری کەرکوک و لەپێناو بەردەوامبوونی شەراکەتی سیاسی راستەقینەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە لەداهاتوودا توانیمان ساڵی 2024 رێککەوتنێکی هاوسەنگ لەگەڵ هێزە سیاسیەکان ئەنجام بدەین و لەگەڵ جەماوەری خاوەنی بەڵێن و پەیمانی خۆمان بووین، لێرەش وازیان لێ نەهێناین کەوتینەبەر تانەو تەشهیری نەیارانمان و زۆریان گوت دەسەڵاتتان نیەو ناتوانن خزمەتی کەرکوک بکەن بەڵام سوپاس بۆخوا بەکردار سەلماندمان کە خزمەتکارێکی ڕاستەقینەی خەڵکی ئەم شارەین”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئێستاش بۆ ئەوەی بۆ هاوبەشەسیاسیەکانمان بیسەلمێنین کە لەجێی متمانەو بەڵێنی خۆمانین نەوەک تەنها بەرانبەر گەل بەڵکو بەرانبەر هێزەسیاسیەکانی تر وە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا مافی میللەتەکەمان زیاتر پارێزراو بێت بەگرنگی دەزانین هەرچی ئەو پۆستانەی دراون وەربگیرێنەوەو (بۆ تەنها حەوت مانگی داهاتوو) پۆستی پارێزگار ڕادەست بکرێت، ئەمەش مانای تەواوەتی دان و ستانە کە لەهەموو رێککەوتنێکی سیاسی لەجیهاندا بوونی هەیەو بەتەواوی پڕاکتیزەکردنی بنەماکانی دیموکراسیەو گەڕانەوەی متمانەی سیاسیە بۆ نێو پێکهاتەکان، چونکە ئێمە لەکەرکوک بەتەنها نین و پێویستە ئەو ڕاستیە بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵک ڕوون و ئاشکرا بێت”.

باسی لەوەشکرد “ئەگەر بشمانەوێ لەداهاتوودا لە کەرکوک سیاسەتێکی ئاشتیانەو دوور لە درووشمی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک پەیڕەو بکەین وەکو بەڕێز مام جەلال هەموو جار دەیگوت پێویستە ڕۆڵ بدەین بە پێکهاتەو نەتەوەکانی تریش تا هەمووان هەست بکەن لەپاڵ نەتەوەکەمان بەئاشتی و ئارامی ژیان بکەن و داهاتوویەکی گەشتریان بۆ فەراهەم بێت”.

وتیشی “ئەوەی هەیە ئێستا ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە شان بەشانی کاک (رێبوار تەها) بەیەک تیم لەنێو پارێزگا دەمێنینەوەو هەموو ئەو پۆستانەی مافی نەتەوەی خۆمانە بەدەسەڵاتی زیاتر وەریدەگرینەوەو لە جاران بەهێزتر و بەگڕوتینی زیاترەوە بەردەوامی بە کارەکانمان دەدەین”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان