مەودا میدیا-
بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی شۆفێری ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە كاری گەیاندن یان دلیڤەری دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان سمینارێكی تایبەتیان بۆ رێكدەخات.

سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند” لەسەر داوای خاوەنی هەندێك لەو دووكان و ماركێتانەی كە خزمەتگوزاری گەیاندنیان بە هاوڵاتییان هەیە، سمینارێكیان بۆ شۆفێری ئەو ماتۆڕسكیلانە رێكخستووە كە كاری گەیاندن بۆ ئەو جێگایانە دەكەن”.

وتیشی” ئامانج لە سمینارەكە ئاشناكردنی ئەو شۆفێرانەیە بە یاساكانی هاتوچۆ و هۆشیاركردنەوەیانە بۆ ئەوەی دوور بن لە سەرپێچی و هەر كارێكی بەدەر لە یاساكان بۆئەوەی نەبنە مایەی بێزاری هاوڵاتییان و مەترسیش لەسەر گیانی خۆیان درووست نەكەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” سمینارەكە دوای ئەوە هات كە بەشێك لە هاوڵاتییان گلەیی ئەوەیان لە شۆفێری ئەو ماتۆڕسكیلانە دەكرد كە كاری گەیاندن دەكەن بەوەی كە بەشێكیان لە كاتی كاركردندا سەرپێچی زۆر ئەنجام دەدەن هەر لە تیژڕەوی و رۆیشتنی پێچەوانە و دروستكردنی ژاوەژاو و چەندین سەرپێچی تریش”.
ئ پ