مهودا میدیا-
ئەمڕۆ دووشەممە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ یەکەمین سەردان بۆ ئێران لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ رۆڵی نێوەندگیری، گەیشتە تاران.
ئاژانسی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە ئاژانسەکانی هەواڵی روسیا بڵاویکردەوە، لاڤرۆڤ لە بەحرەین گەیشتووە و بڕیاربوو لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کۆببێتەوە و لەگەڵ عەباس عیراقچی هاوتاکەی وتووێژ بکات.
ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند “دانوستانەکان گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەگرێتەوە”.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن وەستاون و لاڤرۆڤ رایگەیاندووە کە هەوڵەکانی وڵاتەکەی ئامانجیان رێگریکردنە لە گەڕانەوە بۆ شەڕێکی تەواو.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا هاوتا ئێرانیەکەی لە ئامادەیی مۆسکۆ بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئاگادار کردۆتەوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ تاران دوابەدوای بەشداریکردنی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی وەزاری وتووێژی ستراتژیی نێوان روسیا و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو لە شاری مەنامە هات کە ئاسایشی ناوچەکە، کەشتیوانی دەریایی و دابینکردنی وزە لە بابەتەکانی تاوتوێ کرابوون.
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران لەسەر بنەمای هاوکاری سەربازی و ئابوورییە کە لەم ساڵانەی دواییدا پتەوتر بووە، پوتین و پزیشکیان لە مانگی یەکی ساڵی 2025 رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژییان بۆ ماوەی 20 ساڵ واژۆ کرد.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، رێککەوتنەکە بریتییە لە فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان، مانۆڕی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی سەردانی کەشتییە جەنگییەکان و راهێنانی ئەفسەرەکان، بەڵام بڕگەیەکی بەرگریی یەکتر لەخۆناگرێت کە هیچ لایەنێک پابەند بکات بە دەستوەردانی سەربازی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر لایەنەکەی تر.
ع