عەلی زەیدی لەگەڵ شاندێکی ئێزدییەکانی شنگال کۆبووەوە

مەودا میدیا-

سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئاشکرایکرد یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال دەست دەکەن بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، هەروەها چیای شنگال لەژێر دەسەڵاتی تەواوی حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکانی دەبێت.

عەلی زەیدی،سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند “بڕیاری دەوڵەت لەسەر چەک، بۆ پاراستنی خەڵک و چەسپاندنی سەقامگیریی قەزاکە و دەستەبەرکردنی داهاتووی شنگالە، بڕیاری رادەستکردنی چەک لە چوارچێوەی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و پاراستنی یەکێتی نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردانی ئەمنی دێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەت مافی ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکینەکانی ژنان دەستەبەر دەکات، هەروەها دان بە قوربانیدانەکانیاندا دەنێت، بە رێکخستنی پێگەی خۆیان و تێکەڵکردنی ئەندامانی شایستە لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق بەپێی چوارچێوەی یاسایی و فەرمی، هەروەها هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەڕەخسێنن”.

ئەوەشی خستەڕوو “کۆمەڵگەی ئێزیدی دەخرێتە نێو پرۆژەی یەک ملیۆن پارچەی نیشتەجێبوون، بەردەوامیدان بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیرکردنی دانیشتووان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووریی قەزاکە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان