مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی فەرمانگەی كاروباری مین لە عیراق، لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا نزیكەی 60%ی ئەو زەوییانەی لە عیراق بە مین و پاشماوەكانی جەنگ پیس بوون، پاك كراونەتەوە.
ئیحسان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری مین لە عیراق رایگەیاند “رووبەری زەوییە پیسبووەكان بە مین و پاشماوەی جەنگ لە عیراق لە كاتی دەستپێكردنی بەرنامەی نیشتمانیی بۆ پاككردنەوەی مین لە ساڵی 2003دا نزیكەی 7,000 كیلۆمەتری چوارگۆشە بوو،بەڵام لە ئێستادا بۆ نزیكەی 2,600 كیلۆمەتری چوارگۆشە كەم بووەتەوە”.
وتیشی “ئەو هەوڵانەی لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا دراون بوونە هۆی پاككردنەوەی نزیكەی 60%ی رووبەرە پیسبووەكان، بەڵام لایەنی دارایی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم تەواوكردنی پاككردنەوەی زەوییە ماوەكاندا”.
ئاماژەی بەوەش كرد “ناوچە پیسبووەكان هێڵی سنووریی عیراق و ئێران لەخۆ دەگرێت، بەهۆی ئەو جەنگەی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هەڵگیرسا، بێجگە لە رێڕەوی جووڵەی هێزە سەربازییەكان و ئەو ناوچانەی كە جێگەی چالاكیی رێكخراوە تێرۆریستییەكان بوون لە ناو پارێزگاكانی عیراقدا”.
باسی لەوەش كرد “فەرمانگەكەیان بەڵگەنامەی رەسمی دەداتە ئەو زەوییانەی كە پرۆسەی پاككردنەوەیان تێدا تەواو دەبێت، كە شیاوبوونیان بۆ بەكارهێنان پشتڕاست دەكاتەوە بەپێی سروشتی ئەو چالاكییەی بۆی تەرخان كراوە، چ مرۆیی بێت یان بازرگانی یان گەشەپێدان، لەگەڵ رەچاوكردنی رێكار و پێوەرە پێویستەكان بۆ هەر جۆرێك لە بەكارهێنانەكان”.
ئ پ