لیستی مووچەی مانگی تەمموز رەوانەی بەغدا دەکرێت

مەودا میدیا-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەمموز (7) رەوانەی بەغدا بکات و لە چەند رۆژی داهاتووشدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تاوەکو داهات کۆبکەنەوە و بەمنزیکانە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکەن”

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەمموز (7)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق دەکرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو”بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بتوانن رێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بە خێرایی تەواو بکەن و مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکەن”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا وادەی دابەشکردنی مووچەی ئەو مامۆستایانە کە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی دامەزراون دیارنییە کە ژمارەیان زیاتر لە 42 هەزار مامۆستای گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 25 ملیار دینار هەیە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان