مەودا میدیا-
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد تاران هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا قبوڵ ناکات، هەر رێککەوتنێک سەبارەت بە گەرووی هورمز، دەبێت تەنها لە نێوان ئێران و عوماندا بێت.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند “رێڕەوی نوێی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز رێکارێکی کاتییە، بەڵام رەنگە بۆ ماوەی دوو بۆ چوار مانگ، یان رەنگە زیاتریش بمێنێتەوە، ئەمەش بەپێی چۆنییەتی پێشهاتەكان، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەوتنە نوێیەکەش، رێڕەوە کاتیەكانی پێشتر دادەخرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی پلانی نوێ، کەشتییەكان بە ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕن لەسەر رێڕەوی هاتنە ژوورەوە، هەروەها لە بەشێک لە رێڕەوی دەرچوونیش، بڕیاری کۆکردنەوەی هەر کرێیەکیش لەلایەن ئێرانەوە بەندە بە بڕیاری بەرپرسانی باڵا و مامەڵەی ئەمەریکاوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەرپرسانی ئەمەریکا پابەندیی خۆیان بە گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکانیان دەربڕیوە، پاکستان بانگهێشتی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی کردووە، بەڵام هێشتا رێكارەكانی کۆتایی سەردانەکە یەکلایی نەبووەتەوە”.
ب ح