مەودا میدیا-
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عیراق پلانی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزەی لە ناوچەی جەرف ئەلسەخر پەسەند کرد.
ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع) بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پلانەکەی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەی جەرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل بڵاوکردەوە.
وەزارەتی بەرگری: لیوای 38 لە فیرقەی 10 ناوچەی نێوان بەربەستی (یا حسێن) تاوەکو یەکتربڕی فازڵییە و سنووری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار دەپارێزێت.
وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17 ناوەندی ناحیەی جەرف سەخر دەگرێتە دەست، لە رووباری فوراتەوە لە رۆژهەڵات تا رێگای (موسەیب – فازلییە) لە رۆژئاوا.
حەشدی شەعبی: هەردوو لیوای 72 و 79 سنووری نێوان رێگای (موسەیب – فازلییە) لە رۆژهەڵات تاوەکو سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا دەپارێزن.
پۆلیسی وزە: بەتالیۆنێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا دەگرێتە ئەستۆ.
خاڵەکانی پشکنین: پۆلیسی بابل خاڵێکی پشکنین لە یەکتربڕی فازڵییە بەرەو شارۆچکەی موسەییەب دەکاتەوە، پۆلیسی ئەنباریش خاڵێکی دیکە بەرەو شارۆچکەی عامرییەی فەلووجە دادەنێت.
کردنەوەی رێگاکان: رێگای (موسەیب – بەهبەهانی – یەکتربڕی فازلییە – عامرییەی فەلوجە) بە رووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە.
هێزی یەدەگ: بەتالیۆنی دژەتیرۆر لە سەربازگەی حامییە وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی لە ئامادەباشیدا دەبێت بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی 12 ساڵە ناوچەی جەرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل دوای ئازادکردنی لە دەست چەکدارانی داعش، لەلایەن کەتیبەکانی حزبوڵڵای عیراقەوە کۆنتڕۆڵکراوە و رێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی یان هیچ هێزێکی ئەمنی نادەن بچێتە ناوچەکە.
ب ح