مەودا میدیا-
سەرەڕای ئەگەرەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە پاكستان، بەڵام هێشتا نرخی نەوت بە بەرزی ماوەتەوە.
شەوی رابردوو پێش داخستنی بازاڕەكانی جیهان یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 105 دۆلار و 33 مامەڵەی پێوەكرا، بەڵام نەوتی سووكی تەكساسی ئەمەریكا بە 94 دۆلار و چوار سەنت مامەڵەی پێوەكرا.
بەرزی نرخی نەوت لە كاتێكدایە كە ئێستا عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گەشتێكیدایە بۆ ئیسلام ئاباد، مەسقەت و مۆسكۆ و ئەگەری كۆبوونەوەیان راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، لە لایەكی تریشەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رۆژی پێنجشەممە رێكەوتنی ئیسرائیل و لوبنانی لەسەر درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ ماوەی سێ هەفتە راگەیاند.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن”تا ئەو كاتەی گەرووی هورمز بەو شێوەیەی ئێستا لەلایەن ئەمەریكا و ئێرانەوە گەمارۆ درابێت و رێگە بە هاتوچۆی بازرگانی نەدرێت، ئەوا مەحاڵە بە هیچ شێوەیەك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزێت”.
ئ پ