وادەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل درێژکرایەوە

مەودا میدیا-

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد بەپێی رێنمایی ژمارە (7)ی ساڵی 2026، کە هەمواری یەکەمی رێنمایی ژمارە (14)ی ساڵی 2025ی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو، رێکەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەکردن لە یەکی ئەیلول (9/1) کراوەتە (11/1)یەکی تشرینی دووەم.

هێمن میرانی، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند “دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و کاریگەریی لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتیی، کاسبکار و بازرگانانی بواری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داواکارییان پێشکەش کرد، وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمساڵ کرایەوە یەکی تشرینی دووەم، بەمجۆرە بازرگانان و کاسبکارانی بواری هاوردە کردنی ئۆتۆمبێل تا ئەو رێکەوتە دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی هەمواری ئەو رێنماییە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی راسپاردووە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە ئەو بازرگان و کاسبکارانی ئۆتۆمبێلیان کڕیوە و بارەکانیان لە رێگایە، کاتی زیاتریان هەبێت و تووشی زیان نەبن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان