مەودا میدیا-
وەزارەتی بازرگانی عیراق زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی ئاردی بۆ 80 هەزار تۆن لە مانگێكدا راگەیاند.
حەیدەر كەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتی بۆ پرۆسێسكردنی دانەوێڵە بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە” ئیدارەی نوێ كەمتر لە هەفتەیەك لەمەوبەر ئەركی خۆی دەستپێكرد و دەستی كردووە بە چارەسەركردنی چەند پرسێكی سەرەكی، دیارترینیان قەبارەی بەرهەمهێنانی ئاردە”.
وتیشی” ئەو بەشە ئاردەی كە مانگانە بۆ بەشە خۆراك پێویستە دەگاتە نزیكەی 50 بۆ 51 هەزار تۆن لە سەرانسەری عیراقدا و ئەوەی دەمێنێتەوە دەتوانرێت وەك بەرهەمی ناوخۆی بەكاربهێنرێت بۆئەوەی هاوڵاتییان پێویستییان بە بەرهەمی دەرەوە نەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە” كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری كارگەكان لە سەرجەم پارێزگاكان ئەنجامدراوە و داوایان لێكرا لە ماوەی یەك مانگدا داتای ورد لەسەر توانای بەرهەمهێنانیان پێشكەش بكەن، جگە لەوەش رێكەوتنێك كراوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنان بۆ 77 تا 80 هەزار تۆن لە مانگێكدا، كە ئەمەش 30 هەزار تۆن زیاترە بە بەراورد بە بڕی مانگەكانی پێشوو”.
ئ پ