مهودا میدیا-
داتاکانی کەشتیوانی دەریخست کە رۆژی سێشەممە ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن کەمێک زیادی کردووە و زۆربەیان پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، ئەمەش پێش سەپاندنەوەی گەمارۆی ئەمهریکا لە رۆژی چوارشەممەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا گەمارۆی دەریایی بۆسەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێرانی گەڕاندەوە و هەڕەشەی کرد هەفتەی داهاتوو وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دەکاتە ئامانج مەگەر تاران دانوستانەکانی دەستپێنەکاتەوە، ئەوەش لە دوایین پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
داتاکانی کۆمپانیای بەدواداچوونی کەشتییەکانی کلێر دەریخستووە کە لە کۆی 11 کەشتیی کە رۆژی سێشەممە لە گەرووەکەدا تێپەڕیون، نۆ کەشتیی رێڕەوی ئێرانیان پەیڕەو کردووە.
بەپێی داتاکان، سێ لەو کەشتیانە بە بەتاڵی چوونەتە ناو گەرووەکەوە، لەنێویاندا یەک تانکەری قەبارە مامناوەند و دوو کەشتی هەڵگری نەوتی خاو (VLCC)ی زۆر گەورە ههن.
ئەو کەشتیانەی لە گەرووەکە دەرچوون و هەناردەی ئێرانیان هەڵگرتبوو بریتی بوون لە کەشتییەکی VLCC کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، یەک تانکەری قەبارە مامناوەند کە بەرهەمی پاڵاوتەیان هەڵگرتبوو، هەروەها دوو تانکەری هەڵگری گازی شل (LPG).
هەروەها داتاکان دەریانخستووە کە تانکەرێکی بارکراوی میتانۆل و کەشتییەکی بارهەڵگری وشک کە ئاسنی هەڵگرتبوو، رۆژی سێشەممە لە کەنداوەوە بەڕێکەوتوون.
لەم هەفتەیەدا پێکدادانەکانی نێوان ئەمهریکا و ئێران پەرەی سەند و بە شێوەیەکی بەرچاو کەشتیوانیی لە گەرووی هورمزدا خاوکردەوە، کە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتدا، رۆژانە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتی شلکراوی جیهانیی دەگواستەوە.
گۆڵدمان ساکس رۆژی چوارشەممە لە یاداشتێکدا وتی “قۆناغی داهاتووی بوژانەوەی رۆیشتنی نەوتی کەنداو رەنگە خاوتر بێت لە قۆناغی سەرەتایی، تەنانەت ئەگەر گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانیش کەم ببنەوە”.
ع