مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد لە 12 ساڵی رابردوودا حکومەتی فیدراڵ تێکڕای رێژەی 4.،2 ٪ ی بوودجەی گشتیی عیراقی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “لە 12 ساڵی رابردوودا حکومەتی فیدراڵ نزیکەی (41 ترلیۆن دینار)ی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە دەکاتە (46 مووچە) لە کۆی (144 مووچە)”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە 12 ساڵی رابردوو ( 2014 تاوەکو 2025) ، تێکڕای رێژەی کرداریی نێردراو لە بودجەی گشتیی عیراق دوای لێبڕینەکانی سەروەریی و قەرز و پاپەندییەکانی تر بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دەکاتە تەنها رێژەی4.,2٪ ی بودجەی گشتی لە جیاتی رێژەی 17٪ و رێژەی,12,67٪ تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان”.
ئەوەشی خستەڕوو “بڕی پارەی تەمویلکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا ، دەکاتە تەنها (41 ترلیۆن و 42 ملیار دینار) بوو لە کۆی (212 ترلیۆن و 761 ملیار دینار) کە بەکارهاتووە بۆ تەمویل کردنی نزیکەی (46 مووچە)ی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان لە کۆی (144 مووچە) لەو ماوەیەدا”.
باسی لەوەشکرد “جگە لەوە ماوەی ساڵانی (2014، 2020، 2022) حکومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە پارەی تەمویلکراوی بۆ هەرێمی کوردستان وەکو قەرز هەژمار کردووە تا دواتر لە پشکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی بیبڕێتەوە”.
وتیشی “سەرەڕای داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی کە بڵاویکردووەتەوە لە ساڵی 2024 و بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی هەرێم، پشکی هەرێمی کوردستان دەکاتە ڕێژەی 14,14٪ی بودجەی گشتیی عیراق”.
ب ح