مەودا میدیا-
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەكەم، بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان، دادگای كارگێڕیی سلێمانی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێكی پێشوو لە بارەی بەناوكردنی شوقە و خانوو لە شاری سلێمانی بە ناوی هاوڵاتییانی عەرەب و بیانییەوە.
دادگای كارگێڕیی سلێمانی لە بڕیارەكەیدا فەرمانی كارگێڕیی ژمارە 6448 لــە 16/6/2016ـی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشاندەوە كە رەزامەندییان داوە بە تۆماركردنی شوقە و خانوو بە ناوی هاوڵاتییانی عیراقی و بیانی هاوشێوەی هاوڵاتییانی سلێمانی لە ژێر ناوی “گەشەپێدانی بواری گەشتیاریی و ئابووری”.
ئومێد جاف، پارێزەر لە شاری سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رایگەیاندووە “ئەو فەرمانەی پێشووی پارێزگاری سلێمانی هۆكاربووە بۆ كۆچی بەلێشاوی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هاوڵاتییانی ناوەڕاست و خواری عیراق بۆ هەرێمی كوردستان و شێواندنی پێكهاتەی رەسەنی شاری سلیمانی، كە ئەمەش پێچەوانەی ئامانجەكانی دەستوری هەمیشەی عیراقە بۆ رێگریكردن لە گۆرانكاریی دیمۆگرافی.
وتیشی “ئێستا بەهۆی لێشاوی كۆچكردنی هاوڵاتییانی عەرەب بۆ هەرێمی كوردستان، ئاسایشی نەتەوەی كورد لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەمەترسیدایە، كە دەرئەنجام دەبێتە هۆی سڕینەوەیەكی هێواشی ناسنامەی كوردبوون و كوردستانیبوونمان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “ئێمە وەك پارێزەری خاك و خەڵك بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەیی و پاراستنی دیمۆگرافی كوردستانی خۆشەویست”.
ئ پ