وەرن تا گەلەکەمان بە دۆڕاندن نەداوە رێکبکەوین

مەودا میدیا-

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بڵاویکردەوە براوەی پيشبڕکێی راکردن ئەو کەسەيە، کە يەکەم کەس دەگاتە شوێنی دياريکراو، براوەی ياری فتبۆليش ئەو تيمەيە، کە زۆرترين گۆل تۆمار دەکات، بەڵام براوەی هەڵبژاردن جياوازە.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند “براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەو لايەنە نييە، کە زۆرترين کورسی بەدەستهێناوە، بەڵکو ئەو لايەنەيە، کە لانيکەم 50+1ی کورسيیەکان دەباتەوە، چونکە دەتوانێ بە ژمارەی دەنگەکانی کابينەی حکومەت پێکهێنێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەە دوای هەڵبژاردنی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، کە بووەتە لەکەيەکی ناشيرينی سيستمی سياسیی و حوکمڕانی نە توانراوە کابينە پێکبهێندرێت، چونکە نە هيچ لايەنێک براوە و نە هاوپەيمانێتيەکيش دروستکرا، لە راستيدا لەم هەلومەرجەی کوردستان ئەگەر لايەنێکيش زۆرينەی کورسیيەکان بهێنێت بە سازان نەبێ حکومەت پێک نايەت”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەوەی سەير و سەمەرەيە هەندێک کەس زوو زوو دەڵێن ئێمە براوەين، باشە ئەگەر ئەنگۆ براوەن خێرە حکومەت پێکناهێنن؟ لەوەش زياتر دەڕۆن و دەڵێن لەبەر ئەوەی ئێمە براوەين دەبێ بە دڵی ئێمە حکومەت پێکبێ! ئايا ئەوان نازانن يان وا دەزانن خەڵک نازانێ، کە براوە نا، بەڵکو زۆرترن! بەو جۆرە بيرکردنەوە رۆژ تا ئێوارە بڵێن ( ئێمە براوەين) نە دەيبەنەوە و نە کەسيشمان دەگەينە ئامانج، براوە ئەو کەس و لايەنانەن کە بردنەوەی خۆيان تەنيا لە بردنەوەی گەلەکەياندا دەبيننەوە”.

باسی لەوەشکرد “وەرن تاوەکو ئەم گەلەمان بە دۆڕاندن نەداوە بە لە خۆبردوويی و لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجە ناوخۆيی و هەرێمی و نێو دەوڵەتييەکان رێکبکەوين و حکومەتێکی جياواز دروست بکەين، دەنا مێژوو هەر براوەکان نا بەڵکو دۆڕاوەکانيش لە بير ناکات”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان