مەودا میدیا-
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد جەنگی ئەمەریکا و ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نییە و دەبێت کوردستان لەم جەنگەدا بێلایەن بێت، کورد ناتوانێت یاری لەنێوان دەوڵەتاندا بکات، ئەمەریکاش پشتگیری لە کورد ناکات.
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “قەوارەی هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستوورییە و هیچ هێزێک ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە یان دەستکاریی دەستوور بکات، بەڵام رەنگە دەسەڵاتەکانی کەمبکرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ئێران جەنگە و لە هەرێمی کوردستان قەیرانی کارەبا، غاز و بەنزین دروست دەبێت، وەک بڵێی کورد بەشێک بێت لە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەبێت حکومەتی هەرێم بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکات و رێگریی لە قۆرخکاریی بگرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئامانجی راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دورستکردنی قەیران و گرانکردنی نرخەکەیەتی، رەنگە هیچ بەرپرسێک لەم هەرێمەدا نەمابێتەوە تاوەکو چارەسەری ئەم قەیرانانە بکات، هەروەها هێرشەکانی ئێرانیش بەهۆی بوونی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان”.
باسی لەوەشکرد “دۆخی کورد لە سوریا باش نییە و پشتیوانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان وەک پێویست نین و دەسەڵاتی ئەمنیی شارەکانی حەسەکە، قامشلۆ و کۆبانی دراوە بە ئاسایشی سەربە حکومەتی دیمەشق، تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەگەڵ جۆلانی نەکراوە و هۆکاری شکستی هەسەدەش پشت بەستن بوو بە ئەمەریکا و ئەو چەکدارانەی لە ریزەکانیدا بوون”.
وتیشی “ئەمەریکا وەک دەوڵەت یان قەوارە و نەتەوە کورد ناناسێت بەڵکو لەچوارچێوەی عیراق و سوریا مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات، هەروەها کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئاسان نییە و دەبێت یەکێتی و پارتی رێکبکەون”.
ب ح