ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو دەبێت

مەودا میدیا-

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد هەوڵەکانی  وەزارەتی دارایی عیراق سەبارەت بە کۆکردنەوەی داهات بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت بۆ رێژەیەکی زۆر کەم بۆ یەکەمجار مووچەی مووچەخۆرانی عیراق 15 رۆژ دواکەوت.

سروە محەمەد رەشید، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “هەرکاتێک داهاتەکە کۆکرایەوە، وەزارەتی دارایی عیراق، ئەمڕۆ یان سبەینێ مووچەی مانگی حەوت بەشێوەی لێبڕین (مەقاسە) رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی حەوتی هەرێمدا نییە و وەزیری دارایی عیراق بەڵێنیداوە بەبێ رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە لە پشکی حکومەتی فیدراڵی، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە کابینەکەی سودانی دەبێت حکومەتی هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، بەڵام لە کابینەکەی عەلی زەیدی ئەو بڕە لە مووچەی هەرێم دەبڕێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “بەهۆی زۆری گەندەڵی لە عیراق، وەک پێویست داهاتی نانەوتی کۆناکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر داهاتی نانەوتی بەشێوەیەکی رێکوپێک کۆبکرێتەوە و ئیدارە بدرێت، داهاتی ناوخۆی عیراق زۆر زۆرە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان