مهودا میدیا-
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئهمهریكى بڵاویکردووەتەوە، ئێران ئاگربەستی مانگی حوزەیرانی بەکارهێنا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێزی خۆی و خۆئامادەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی درێژخایەنتر، لە لێکۆڵینەوەکاندا، فراوانبوونی نفوزی سوپای پاسداران لەناوخۆی وڵاتدا دەرکەوت، هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەستنەوەی بەرەکانی عیراق، یەمەن، کەنداو و دەریای سوور.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرکردایەتیی ئێران ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە 17ی حوزەیران لەگەڵ واشنتۆن واژۆ کرابوو، وەک دەرفەتێک مامەڵەی لەگەڵدا کردووە بۆ دووبارە گروپبوونەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باوەڕێک لەناو تاراندا هەبووە کە ئەمهریکا و ئیسرائیل رەنگە ئەو هێمنییە بقۆزنەوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشێکی نوێ.
لە ماوەی دوو مانگی دواتردا سوپا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بڕیاردانی سەربازیدا چەسپاند و ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی خۆی پشتڕاستکردەوە و موحسین رەزایی وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی دەستنیشانکرد و فەرماندەیی میلیشیای بەسیجیشی بۆ حوسێن تایب راسپارد.
بەگوێرەی رۆژنامەکەكه، ئامانجی داڕشتنەوەی سەرلەنوێ یەکخستنی فەرماندەیی سەربازیی و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان لەدەرەوەی ئێران و گۆڕینی بەسیج بۆ “تۆڕێکی هەواڵگریی گەل” بۆ بەرەنگاربوونەوەی دزەکردن و نائارامی ناوخۆیی.
حوسێن موحێبی، وتەبێژى سوپاى پاسداران لە مانگی تەمموزی رابردوودا بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاندووە “سودمان لە ئاگربەستەکە وەرگرتووە” ئەمەش خێراکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک و باشتربوونی وردبینییان و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی پشتڕاستکردەوە.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرزى ئهمهریكى بە پشتبەستن بە بەرپرسان و شرۆڤەکارانی ئێران بڵاویکردبووەوە کە سوپای پاسداران لە کاتی شەڕدا بووەتە ناوەندی بڕیاردانی دیفاکتۆ، لە کاتێکدا کاریگەریی سەرکردایەتی مەدەنی کەم بووەتەوە.
سەرچاوەکان باسیان لە جێگیرکردنی مووشەک و سەکۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دەریایی لە نزیک دەریای سوور و پێدانی زانیاریی و لیستی ئامانج بە حوسییەکان کردووە کە بەندەرەکانی سعودیە و دامەزراوە وزەییەکانی لەخۆگرتبوو، هاوکات لە هەمان کاتدا کوتلە عیراقییەکان کۆبکەنەوە.
ع