خێزانە عەرەبەكان گەڕاونەتەوە و هیچ موڵكێكیش ناكڕن

مەودا میدیا-
بەهۆی بەرزی ئاستی بژێوی لە كوردستان و ئارامبوونەوەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، رێژەی خێزانە عەرەبەكان لە كەلار بە تەواوی كەمبووەتەوە و كڕینی موڵكیش لەلایەن هاوڵاتیانی عەرەبەوە بە تەواوی نەماوە.

سابیر عەزیز، خاوەنی یەكێك لە نوسینگەكانی خانوبەرە لە كەلار بە مەودا میدیای راگەیاند” پێشتر خێزانە عەرەبەكان كە دەهاتنە ناوچەكە سەرەڕای ئەوەی هیچ موڵكێكیان بەناوەوە نەدەكرا، بەڵام بەشێكیان لەسەر متمانەی هاوڵاتییانی ناوچەكە خانویان دەكڕی و تیایدا نێشتەجێ دەبوون، بەڵام ئێستا ئەوە بە تەواوی نەماوە و بەشی هەرە زۆری خێزانە عەرەبەكانیش گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان”.

وتیشی” هۆكاری نەمانی ئەو دیاردەیە و گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە ئاستی بژێوی ژیان قورسترە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری عیراق”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” لە ساڵی 2022ـەوە تا ئێستا نرخی خانوبەرە روو لە دابەزینە و بەراورد بە ساڵانی پێشتر ئێستا زەوی و موڵك لە كەلار بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری ناوچەكە بەگشتی و بە تایبەتیش بۆ زۆربوونی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كە بەشێكی زۆر لە هاوڵاتییان روویان لە كڕینی كردووە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان