کاوە عەبدولقادر: بەغدا ئاگای لە دۆسییەی نەوت نییە لە هەرێم

مەودا میدیا-

سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق کۆبووەتەوە و داوایان کردووە بەغدا بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دابینبکات، گرنگ نییە چۆن لەگەڵ حکومەتی هەرێم رێکدەکەون.

کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “لیژنەی لێکۆڵینەوە لە 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە، ئەمڕۆ لەگەڵ باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عیراق کۆبوونەتەوە و سبەینێش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم کۆدەبنەوە سەبارەت بە گرانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عیراق بە لیژنەکەیانی راگەیاندووە کە پێشتر حکومەتی هەرێمیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەن هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق بەنزین بە نرخی (450 دینار) بۆ هاوڵاتییان دابین بکەن، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەم داوایەی رەتکردووەتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو “پێشتر شاندی حکومەتی هەرێم بە بەغدای وتووە کە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان پێبدرێت، بەنزین سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن، بەڵام وەزیری نەوتی عیراق جەختی لەوەکردووەتەوە کە ئاگاداری نرخ و بڕی بەنزین و داهاتەکەی نییە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان