مەودا میدیا-
هێشتا ناردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەبارەوە نەدراوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت” هەوڵی جدی هەیە بۆئەوەی پێش كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە”.
پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند” بەدواداچوونیان بۆ بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردووە و ئێستا هەوڵێكی رژد هەیە بۆئەوەی پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە رۆژی سێشەممە، بابەتی ناردنی مووچەی مانگی سێ یەكلایی بكرێتەوە”.
وتیشی” وەزیرە كوردەكان ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەن بۆئەوەی لەگەڵ بەغدا رێكبكەون بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی هەرێم لە داهاتی مانگی سێ كۆیكردووەتەوە كە بڕەكەی كەمترە لە 120 ملیار دینار”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”چەند رێگاچارەیەك بۆ رێكەوتن خراوەتە بەردەم بەرپرسانی بەغدا، لەوانەش، یان ئەو پارەیەی كە لەبەردەستی هەرێمە و كۆكراوەتەوە بدرێت بە عیراق و باقییەكەشی بە شێوەی قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بمێنێتەوە، یان بڕیاری 36953ـی رۆژی 17/7/2025 هەموار بكرێتەوە”.
باسی لەوەشكرد” مانگی سێ تەنها داهاتی ناوخۆی هەرێم كەمی نەكردووە، بەڵكو داهاتی ناوخۆی عیراقیش بە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتەوە كەم بووەتەوە، چونكە پێشتر مانگانە 97 بۆ 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشرا، بەڵام مانگی رابردوو تەنها 18 ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە”.
وتیشی” داوایان لە بەرپرسانی بەغدا كردووە بۆئەوەی رەچاوی ئەم بارودۆخەی ئێستا بكەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكەن”.
ئ پ