چوار داواکاریی مەترسیداری بەغدا لە هەرێم ئاشکراکرا

مەودا میدیا-

دوای بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی جەرف ئەلسەخر و دەستبەسەرداگرتنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە، لەئێستادا دەیەوێت ئەم پلانە لەسەرتاسەری عیراقدا جێبەجێ بکات.

بەپێی زانیارییەکان، هەربۆیە، حکومەتی عیراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لە رێگەی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە چوار داواکاریی نوێی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەیە کە ئەگەر لێکتێگەیشتنیان لەسەر نەکرێت، ناکۆکیی گەورە لەنێوان هەردوو حکومەت دروست دەکات و ئەگەری هاتنی سوپای عیراقیش بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.

داواکارییەکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان ئەمانەن:

یەکەم: حکومەتی ناوەند داوایکردووە سوپای عیراق بێتە سەر سنوورەکانی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە سنوورەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەلایەن سوپاوە بپارێزرێن ئەمە سەرەڕای هەبوونی پاسەوانی سنوور کە سەر بەحکومەتی فیدڕاڵن،

دووەم: عیراق داوا دەکات دەروازە سنوورەییەکان بە هاوبەشی خۆی و حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بێلایەن بەڕێوەببردرێن و داهاتە گومرگییەکانیش روون بێت و دیاریبکرێت.

سێیەم: بەغدا داوا دەکات پێداچوونەوە بەو ماددەی 140ی دەستووردا بکرێت کە ئەو ناوچانەی بە کێشە لەسەر دیاریکردووە، چونکە حکومەتی ناوەند پێی وایە ئەو ناوچانە کێشە لەسەر نین و عیراقین.

چوارەم: کشانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بیرە نەوتەکان و بەڕێوبردنیان بۆ پێش ساڵی 2003، بە واتایەکی تر داوای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و دۆسییەی نەوت لە حکومەتی هەرێم دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ عەلی زەیدی لەگەڵ فالع فەیاز کۆبووەوە و رایگەیاند “حکومەت لە پلانەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، چەسپاندنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی نیشتمانی لە هەموو شوێنێکی خاکی عیراقدا بەردەوام دەبێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان