تورکیا ترسی لە نزیکبوونەوەی کورد و ئیسرائیل هەیە

مەودا میدیا-

میدڵ ئیست ئای بڵاویکردەوە جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەرەتای ئەم مانگە بۆ بەشداریی لە پرسەی عەلی خامنەیی سەردانی تارانی کردووە و لەلایەن مەسعود پزیشکیانەوە سوپاسی ئەنکەرە کراوە بۆ رێگریکردن له پلانێکی ئیسرائیلی بۆ یاخیبوونێکی چەکداری لەلایه ن گرووپه کوردییەکان لە رۆژئاوای ئێران.

میدڵ ئیست ئای بەریتانی رایگەیاند “جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا بە فەرمی داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە کە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە ناوچەکە رابگرێت تاوەکو نەبێتەهۆی نزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکان و ئیسرائیل، بەمشێوەیە کێشە بۆ پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی تورکیا و پەکەکە دروست دەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” کاتێک لە سەرەتای ساڵی 2026دا ئەمەریکا و ئیسرائیل هەوڵیاندا هەرێمی کوردستان رازی بکەن بۆ بەشداریکردن لە راپەڕینێکی چەکداری دژی ئێران، بەڵام سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتە ناو دۆخێکی هەستیار و دوودڵییەوە، بەپێی پلانەکە دەبوو پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) وەک هاوپەیمانی پارتەکەی بارزانی سەرکرادیەتی راپەڕینەکە بکات، بەڵام بەهۆی بێ متمانەیی واشنتۆن بە تواناکانی حدکا، داوای کردبوو هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمیش راستەوخۆ بەشداری بکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو “هۆکاری رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی واشنتۆن و تەلئەبیب لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ بێ متمانەی کورد بە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریکا کوردەکانی لە سوریا لە بەرژەوەندیی حکومەتە نوێی دیمەشق جێهێشت، ئەمەش وایکرد سەرکردایەتی کورد لە عیراق بە هەستیارییەوە مامەڵە بکات و نەیەوێت جارێکی تر خۆی بکاتە قوربانی پلانەکانی ئەمەریکا”.

باسی لەوەشکرد “شۆڕبوونەوەی ململانێی ئێران و ئیسرائیل بۆ ناو کوردستانی عیراق و سەرهەڵدانەوەی کارتی کورد لە ناوەندی ململانێی دەسەڵاتی ناوچەکەدا، راستەوخۆ دەبێتە هۆی تێکدانی پلانە ئەمنییە درێژخایەنەکانی تورکیا لە ناوچەکە، بۆیە مەهمەت ئالاجا، شارەزای دیاری تورکیا لە بواری عیراق بە پێگە بەریتانییەکەی راگەیاندووە “زیادبوونی فشارە سەربازییەکانی ئێران دەتوانێت بەبێ ئاگاداری، گرووپە ئۆپۆزسیۆنی کوردەکانی ئێران، وەک پەدەکە، کۆمەڵە و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، لە رۆژئاوا و بەتایبەت ئیسرائیل نزیکتر بکاتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان