مەودا میدیا-
ئەو مامۆستایانەی کە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و چەکدارە بەکرێگراوەکان ئاوارەی ناوچەکانی شەهبا بوون و ماوەی حەوت ساڵە مووچەکانیان لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە دابین دەکرێت بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان لەلایەن دەسەڵاتی جۆلانییەوە مووچەکانیان راگیرا.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە “لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوەی بەڵێنی دامەزراندن بەو مامۆستایانە دراوە کە ساڵانی پێشووی ئاوارەبوون و ئێستا گەڕاونەتەوە شارەکە بەبێ هیچ هۆکارێک لە کارەکانیان دوورخرانەوە و مووچەکانیان بڕدراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەڵێن بە مامۆستاکان دراوە کە مافی دامەزراندنیان مسۆگەر دەبێت و مووچەکانیان بەردەوام دەبێت دوای گەڕانەوەیان، بەڵام مامۆستایان بە بڕیاری راگرتنی مووچە و دەرکردنیان لە کارەکانیان تووشی سەرسوڕمان بوون، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکاری ئەم بڕیارە بدرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو ” ئەو مامۆستایانە، لە ماوەی ساڵانی ئاوارەبوونی زۆرەملێدا لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەی شەهبا، ئەرکی مامۆستایی خۆیان بەپێی بەرنامەی خوێندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامداوە، سەرەڕای بارودۆخی نائاسایی ئاوارەیش بەردەوام بوون لە کارەکانیان”.
ب ح