ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی مامۆستایانە

مەودا میدیا-

مامۆستایان پایەی سەرەکی و بنچینەیی دروستکردنی کۆمەڵگە و پێشخستنی رەوتی شارستانیەتن، ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا رۆژێک تەرخان دەکرێت بۆ رێزگرتن لە ماندووبوون، قوربانیدان و رۆڵی گرنگی مامۆستایان لە پەروەردەکردنی نەوەکان و بونیادنانی ئایندەی وڵاتان.

رۆژی 5ی تشرینی یەکەم، وەک رۆژی جیهانی مامۆستایان ناسراوە، کە تێیدا رێز لە ڕۆڵ و ئەرکی پیرۆزی مامۆستایان دەگیرێت وەک بکەری سەرەکی و کاریگەرەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن، مامۆستایان لە کۆمەڵگەدا ئەرکی پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەیان لە ئەستۆدایە، بۆیە لە سەرانسەری جیهاندا رێزیان لێدەگیرێت.

رێکخراوی (یونسکۆ) بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیریی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی (ئیدیۆکشن ئینتەرناشیۆناڵ)، لە کۆنگرەیەکی پاریس هاوهەڵوێست بوون لە دیاریکردنی رۆژێک بۆ مامۆستایان لەپێناو بایەخدان بە پیشەی مامۆستایی، گرنگیدان بە وانەوتنەوە و هەروەها باشترکردنی بارودۆخی مامۆستایان و پاراستنی مافەکانیان بوو لە سەرانسەری جیهاندا.

کۆنگرەی پێنجەمی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە، کە ساڵی 1966 لە جنێفی سویسرا بەسترا، یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی کۆنگرەکە ئەوە بوو کە 5ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک بکرێتە رۆژی مامۆستایان لە هەموو جیهاندا، بە فەرمی، لە 5ی تشرینی یەکەمی 1994ەوە، زیاتر لە 100 وڵات لە جیهاندا ساڵانە یادی رۆژی جیهانی مامۆستایان دەکەنەوە، مەبەست لەم یادکردنەوەیە داننان و پێزانینە بە رۆڵی بەرز و قوربانیدانی مامۆستایان و پیرۆزیی پیشەکەیان، چونکە ئەوانن کە بنەماکانی زانست بە نەوەکانی داهاتوو دەگەیەنن.

راگەیاندنی فەرمی (1994): بە فەرمی لە ساڵی 1994ەوە رێکخراوی یونسکۆ رۆژی 5ی تشرینی یەکەم (10/5)ی وەک «رۆژی جیهانی مامۆستایان» دیاری کرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 100 وڵات ساڵانە یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە.

ئامانجەکانی رۆژی جیهانی مامۆستایان:

1- پێزانین بۆ ڕۆڵی مامۆستا: داننان بە هەوڵ و قوربانیدانەکانی مامۆستایان لە پەروەردەکردنی نەوەکاندا.

2- باشترکردنی دۆخی کاری مامۆستایان: داواکردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو، شایستەی دارایی شایستە، و پاراستنی مافەکانیان.

3- بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە: گرنگیدان بە مەشقپێکردنی بەردەوامی مامۆستایان بۆ بەکارهێنانی ڕێگەی هاوچەرخی وانەوتنەوە.

4- راکێشانی سەرنجی ڕای گشتی: وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پیشەی مامۆستایی.

رۆڵی مامۆستا لە کۆمەڵگەدا:

1-گوێزەرەوەی زانست و زانیاری: مامۆستا تەنها کۆمەڵێک زانیاری ناکاتە مێشکی خوێندکارەوە، بەڵکو فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکات.

2-پەروەردەکار و ئاڕاستەکەر: پێش ئەوەی فێرکار بێت، مامۆستا پەروەردەکارە و بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەکان لە دەروونی خوێندکاراندا دەچێنێت.

3-بونیادنەری ئاینده: هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە (پزیشک، ئەندازیار، دادوەر، هتد) بەرھەمی دەستی مامۆستایانن.

دۆخی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان:

لە هەرێمی کوردستان، مامۆستایان وێڕای ئەرکە پیرۆزەکەیان، رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بژێوی و دارایی بوونەتەوە، وەک دواکەوتن یان پاشەکەوتکردنی شایستە داراییەکانیانبووەتە سەرەکیترین خاڵی پێشێلکردنی مافەکانیان، سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش، مامۆستایان بەردەوام بوون لە پاراستنی پڕۆسەی پەروەردە و پێشخستنی ئاستی زانستیی خوێندکاران.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان