مەودا میدیا-
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر هەموو ئەو فەرمانبەرانە ئاگادار دەکاتەوە کە لە بڕیاری وەرگرتنی زەوی سوودمەندبوون و داوایان لێدەکات مامەڵە بە زەوییەکانیانەوە نەکەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر رایگەیاند “بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارتەکان رێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە، تاوەکو ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و رێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەویان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەکانیان هێشتا بە شێوەی کارتە و تۆمار نەکراوە، دەستیان کردوە بە کڕین و فرۆشتن، ئەم کارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاڵوگۆڕکردنی زەوییەکە لەنێوان چەندین دەست، لە کاتێکدا هێشتا هیچ تەرخانکردنێکی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەکراوە و بەپێی رێنماییەکان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین”.
ئەوەشی خستەروو “داوا لە گشت فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەکەن خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە مامەڵانە.،هەروەها داوا لە سەرجەم نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکەن بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری یاسایی دەبن”.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆی (82 هەزار ناوی فەرمانبەر) لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر کە رەزامەندییان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا (55 هەزار فەرمانبەر) لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی و کارکردن لەسەر قۆناغەکانی داهاتوو بەردەوامە.
ب ح