لە تورکیا “چیرۆکێکی نوێ” بۆ کورد نانووسرێتەوە

خەڵەف غەفور

ئاسان نییە باوەڕ بە نووسینەوەی چیرۆکێکی نوێ لە تورکیا بۆ کورد بکرێ، لە بنەڕەتدا دەبێت دۆزی کورد بە “چیرۆکێکی کۆن”ەوە گرێ بدرێتەوە؛ چیرۆکێکی تەمەن سەد ساڵ زیاتر؛ چیرۆکی رەتکردنەوەی کورد وەکوو نەتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، رۆژی هەینی 10ی تەمووزی 2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی 16یەمین خوولی راهێنانی هاوبەشی فەرماندەیی و ئەرکان لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە ئیستانبووڵ وتی “پشتیوان بە خودا لەگەڵ سەرکەوتنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا لە ناوخۆ و دەرەوە، دەستدەکەین بە نووسینەوەی چیرۆکێکی نوێ”.

“تورکیای بێ تیرۆر”، ناونیشانی پرۆسەیەکە لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە و دەوڵەتی تورک “زیاتر لایەنە هەواڵگرییەکەی”، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن بەرەوپێشچوونی کرداری و دڵخۆشکەر نییە، گەرمکردنەوە و تەوزیفکردنی وتارەکانی ئەردۆغانە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە ئامەد رایگەیاند: کێشەی کورد کێشەی منە و چارەسەری دەکەم.

لەو کەین و بەینەدا، چیرۆکی ئەردۆغان هەیە، ئەو لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە رێگەی گوتاری نێو کەمپەینەکانییەوە، لە کورد دەدا و دەستیشی دەگرێ، بەگوێرەی هەڵبەز و دابەزی جەماوەرێتیی خۆی، قسە لەسەر دۆزی کورد دەکات:

ئەردۆغان:

کێشەی کورد کێشەی منە (ئامەد ٢٠٠٥)، چیرۆکی کورد و ئەردۆغان لێرەوە دەستپێدەکات.

برایەتیی کورد و تورک وەک دیجلە و فورات وایە.

کورد پاکتاو ناکەین، مەبەستمانە پەکەکە پاکتاو بکەین.

کۆتایی بە بەڵای ٤٠ ساڵەی وڵاتەکەمان دەهێنین “مەبەستی پەکەکەیە”.

پەکەکە و خوشک و برا کوردەکانمان لەیەکتر جیاوازن.

شەڕی پەکەکە ٢ تریلیۆن دۆلار زیانی لە تورکیا داوە.

دەمیرتاش لەسەر تیرۆر گیراوە و برا کوردەکانم هەڵدەخەڵەتێنێت.

سەدان وتە و وتاری دیکەی ناسیۆنالیستانەی دیکەیشی، دژی کورد هەن.

سەرنجی ورد لەو قسانەی سەرۆک ئەردۆغان بدە، هیچ پەیوەستبوونێکی بە راستیی دۆزی کوردەوە تێدا نییە، بەڵکوو سێ هۆکار و ئامانجی لە پشتەوە هەیە:

یەکەم: لە رێگەی گوتاری پشت ئەستوور بە دەقی ئایینییەوە (بڕواداران برای یەکترن)، دەیەوێت دۆزی کورد و چەوساندنەوەی چەند ساڵەی سەری، لە برایەتیی درۆینە و پێکەوەژیانی ناهاوسەنگدا کۆبکاتەوە. هەڵبەت شەقامی ئایینیی کوردی تا ئەندازەیەک وەڵامی ئەو گوتارەی دایەوە و ئەردۆغان بە ئەندازەی خۆی براوە بوو.

دووەم: جیاکردنەوەی کورد وەکوو نەتەوە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی پەکەکە؛ ئەو دەڵێ پەکەکە و کورد جیاوازن، یەکەمیان تیرۆریستن و بەشی دووەمیان کە لەگەڵ خۆیدان یان دژی پەکەکەن، باشن.

سێیەم: لەو پرۆسەیەدا هۆکار و ئامانجی ئابووری هەن؛ شەڕی پەکەکە ٢ تریلیۆن دۆلار زیانی لە تورکیا داوە، ئێستا کە بارودۆخی ئابووریی تورکیا خراپە و بەهای لیرەی تورکی لە نزمترین ئاستیدایە، بۆ ئەردۆغان گرنگە پارە لە شەڕی پەکەکەدا نەکات.

هەر پەکەکەییەک سزا دەدرێت

پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، فاینەڵی خەباتی پەکەکەیە، خاڵی سەرنجڕاکێش لە کارنامەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا ئەوەیە “لێخۆشبوون پەکەکە ناگرێتەوە”.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئەوەی وت “لێبووردن بۆ پەکەکە نییە، بەڵکوو سزاکان رێکدەخرێنەوە”.

بیانووی کۆمسیۆنەکە، دژ وەستانەوەی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە و هەندێک لایەنی دیکەیە بە دژی لێخۆشبوون لە سەرکردەکانی پەکەکە و گەریلاکانیان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەوە رێککەوتنی ئەردۆغان و ئەو لایەنانەیشە.

پرۆسەی ئاشتی یان تورکیای بێ تیرۆر بێ، ئەردۆغان ناگەڕێتەوە سەر چیرۆکە راستەقینەکەی کورد، لە دەستووردا ناسنامەی ناداتێ وەکوو نەتەوە، بەڵکوو کوردێکی بێ سەرئێشە لەناو تورکیا درووستدەکرێ، ئەردۆغانیش دەبێتەوە پاڵەوانی قۆناغی چیرۆکە تازەکەی تورکیا.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان