ڤیکتۆر هوگۆ چۆن ژیا و وتە گرنگەکانی کامانەن؟

د. نازەنین عوسمان حەسەن

لە ژیانی ڤیکتۆر هوگۆدا، چوار رژێمی سیاسی گۆڕدران. لە پێنج منداڵ، چواریان مردن. دوو جار دوورخراوەتەوە و چواریەکی ژیانی لە مەنفادا بردووەتەسەر، بەڵام قەت دەستی لە قەڵەم بەرنەدا و بوو بە سیمبولی میللەتێک و دوای دوو سەدە نووسینەکانی هەر زیندوون. زۆربەی فەرەنسییەکان، شیعرێکی ڤیکتۆر هوگۆیان لەبەرە. لە زۆربەی قۆناغەکانی خوێندندا بەرهەمەکانی دەخوێنرێن.10500 شەقام بەناویەوە کراوە. کتێبی (بێنەوایان)ی، کە لە ساڵی 1862 بڵاوکراوەتەوە، زۆرترین خوێنەری هەبووە لە هەموو جیهاندا.

ڤیکتۆر هوگۆ منداڵییەکی ئاسایی نەبردووەتە سەر، لە ساڵی 1812 تەمەنی 10 ساڵ بوو کە سەری لێکراوەی مرۆڤی بینی بە داردا چەقێندرابوون لە کەنار رێگەکانی هاتووچۆ لە ئیسپانیا، ئەو کاتەی ئیسپانیا لەلایەن فەرەنساوە داگیر کرابوو. لەو تەمەنەدا ناشیرینییەکانی شەڕی بە هەموو لایەنەکانییەوە بینیبوو.

ئەو ناشیرینییانە کەسێکی دڵرەقیان لێ دروست نەکرد، بەڵکو بوو بە کەسێکی هەستناسک و تێگەیشتوو لە ئازاری هەژاری و خەڵکی پەراوێزخراوی کۆمەڵگە.

باوکی ئەفسەر بوو لای ناپلیۆن پۆناپارت، هەردەم لە خزمەتیدا بووە و لە هەموو شەڕەکان بە دوایەوە بووە، ئەمە وایکردووە بۆ زۆر وڵات لەگەڵ سوپاکەی ناپلیۆن رۆیشتبێت و ئاگای لە منداڵەکانی نەبووبێت.

دایکی لە خێزانێکی بۆرژوازی و شاپەرست و خوێندەوار بووە. شەڕ و بەرژەوەندیی، دایک و باوکی ڤیکتۆریان بە یەک گەیاندبوو، دەنا هیچ خاڵێکی هاوبەشیان پێکەوە نەبووە. باوکی چووبێتە هەر وڵاتێک، هاوسەرەکەی بە منداڵەکانییەوە دوایکەوتووە، لەگەڵ ئەوەش، هاوسەرەکەی رۆڵی باوکایەتی نەبینیوە و هەموو ئەرکی منداڵەکان لە ئەستۆی دایکیاندا بووە.

تەمەنی 14 ساڵ بوو، رۆڵی 60 ساڵەی دەبینی
ئەم هەموو هاتن و چوونەی ئەو خێزانە بەهۆی شەڕەکانی ناپلیۆنەوە بۆ ئیتاڵیا و ئیسپانیا و لە نێو فەرەنساشدا، وای لە هوگۆ کرد لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا شارەزایی لە جیاوازییەکانی ژیانی مرۆڤەکان، لەسەر هەژاری، توندوتیژی، دەردەسەری، نادادی و کوشتن و مردن پەیدا بکات، بەجۆریک هوگۆ لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بە رادەی پیاوێکی شەست ساڵە دنیادیدە بوو.

دایکی خوێندەوار و شارەزایی باشی لە زماندا هەبوو، هانی منداڵەکانی دەدا زۆر بخوێننەوە، تەنانەت ئەو نووسینانەی بۆ تەمەنیشیان گونجاو نەبووە و گوتویەتی: “ئەئەگەر تێیگەیشتن، کەواتە بۆ تەمەنیان باشە و ئەئەگەر بۆ تەمەنیشیان باش نەبێت، ئەوا لێی تێناگەن”.

بەهۆی دووریی باوکی، دایکی عەشیقێکی تری دەبێت کە ئەو کەسە ئازدیخوازێکی ئۆپۆزسیۆنی ناپلیۆنە و بە فیراری لە ماڵی هوگۆدا خۆی دەشارێتەوە. ئەو کەسە، رۆڵی باوكی بۆ هوگۆ بینیوە و لە باوکی زیاتر کاریئەگەریی هەبووە لەسەر بۆچوونەکانی، بەڵام دەگیرێت و لەسێدارە دەدرێت. ئەو رووداوە کاریئەگەریی زۆری لەسەر هوگۆ دەبێت، وا دەکات کاتێک گەورە دەبێت و دەبێتە سیاسەتوان، دژی لەسێدارەدان دەوەستێتەوە و خەبات دەکات بۆ لادانی یاسای لەسێدارەدان، بەڵام یاسای لەسێدارەدان تا ساڵی 1981 لە فەرەنسا دەمێنێت، تا ئەوەی لە سەردەمی فرانسوا میتیراندا، کە یەکەم سەرۆک کۆماری سۆشیالیست بوو، لادرا.

بڕوا بە هۆنراوەکەی ناکەن
هوگۆ، لە ساڵی 1816 و لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بەشداریی کێبڕکێیەکی هۆنراوە دەکات، هێندە بەهێز دەبێت، بڕوای پێ ناکەن کە منداڵێک لەو تەمەنەدا بتوانێت هۆنراوەیەکی وا درێژ و بەپێز بنووسێت، بۆیە دەرناچێت و پێیدەڵێن بۆی نووسراوەتەوە. لە 16 ساڵیشدا بەشداریی کێبڕکێیەکی ئەکادیمی لە سەرانسەری فەرەنسادا دەکات و یەکەم دەبێت.

لە 1820 یەکەم کتێبی هۆنراوە بڵاودەکاتەوە. کتێبەکەی هێندە ناوبانگ دەر دەکات، لویسی هەژدەیەم، پاشای فەرەنسا، زۆری بە دڵ دەبێت و بانگی دەکات و مووچەی مانگانەی بۆ دەبڕێتەوە.

ئەم هەنگاوە زۆر گرنگ بووە، بەوە توانیویەتی ژیانی مسۆئەگەر بکات و یارمەتی دایکی بدات کە لەو کاتەدا لە باوکی جیابووەتەوە. هەر لەو تەمەنە زووەوە، بە 18 ساڵی، کوڕێک لە خێزانێکی نیمچە ئاسایی، تێکەڵ بە هونەرمەند و نووسەر و فەیلەسوفانی یانە گەورە کەلتورییەکانی پاریس دەبێت.

لە هەرزەکاریدا لەگەڵ کچێکی گەڕەکەکەیان هاوڕێ دەبن و پاشان خۆشەویستی دروست دەبێت و دەبنە هاوسەر. لە ماوەی هەشت ساڵی سەرەتای هاوسەرگیرییان، دەبنە خاوەنی دوو کچ و سێ کوڕ. بەهۆی کاریئەگەریی هەڵسوکەوتی باوکییەوە، هوگۆ بڕیار دەدات منداڵەکانی پشتگوێ نەخات، هەرچەندە وردە وردە پەیوەندیی لەگەڵ هاوسەرەکەی خراپ دەبێت و دەکەوێتە پەیوەندی لەگەڵ دەیان ژن و هەندێک جار لە هەمان کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ چەند ژنێک هەبووە. سەرەڕای ناڕێکی و خراپیی پەیوەندییان، لە یەکتر جیا نەبوونەوە تا مردنی هاوسەرەکەی.

لە ساڵی 1845 لەگەڵ ژنێکی هاوسەردار دەبێت و پۆلیس بەسەریاندا دەدات، هوگۆ هیچ هەڵوێستێکی نابێت و ژنەکە بەجێ دەهێڵێت، پۆلیسیش هیچ ناکات بەرامبەری، هەم لەبەر ئەوەی هوگۆ بووە، هەمیش، یاساکانی ئەو کاتە تەنیا سزای ژنیان داوە. ژنەکە شەش مانگ دەگیرێت و لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە، هوگۆش ناچێتەوە بەلایدا. ئەو پیاوەی بە نووسینەکانی بوو بە قەڵغانی هەژار و خەڵکی پشتگوێخراو، لە پەرلەمان و رۆژنامە و نووسینەکانیدا بە دەنگی بەرز بەرگری لە بێدەرامەتەکان دەکرد و دژی یاسا ناڕەواکان دەوەستایەوە، نەک هیچ یارمەتییەکی ئەو ژنەی نەدا، بەڵکو دوای هاتنە دەرەوەشی لە زیندان، هوگۆ هەوڵ دەدات بە پارە بێدەنگی بکات. لە بەرامبەردا ژنەکە هەندێک لە نامەکانی نێوانیان بڵاودەکاتەوە، بەڵام زۆر خوێنەری نابێت و لەبیر دەکرێت.

یەکێک لەو ژنانەی پەیوەندیی لەگەڵدا دەبێت، (جانێت)ی ئەکتەری شانۆیە، هەرچەندە جیاوازیی تەمەنیان دەبێت، بەڵام پەیوەندییەکەیان 50 ساڵ دەخایەنێت. خێزانەکەی و هەموو خەڵک بەو پەیوەندییەیان زانیوە، هوگۆ چووبێتە هەر شوێنێک، جانێتی لەگەڵ بووە و ماڵی جیای بۆ دابینکردووە. جانێت هەر عەشیقەی نەبووە، بەڵکو وەک سکرتێریشی بووە، بە هەزاران لاپەڕەی بۆ نووسیوەتەوە و پاکنووسی کردووە. هەر رۆژێک یەکتریان نەبینیبێت، چەندین نامەیان گۆڕیوەتەوە و 20 هەزار نامە لەنێوانیاندا هەیە. هوگۆ هاوسەرەکەشی بێبەش نەکردووە لە نامە، بۆ هەر کوێ رۆیشتبێت، نامەی بۆ ناردووە و ئاگاداری شوێن و ژیانی خۆی کردووە.

لەگەڵ کچە گەورەکەی پەیوەندیی زۆر بەهێز بووە، لە هەموو منداڵەکانی زیاتر پەیوەست بووە پێوەی. ئەو کچەی، لە 14 ساڵیدا حەز لە کوڕێک دەکات، هوگۆ رازی نابێت شووی پێ بکات تا تەمەنی نەبێتە 19 ساڵ. کچەکەی زوو زوو نامە بۆ باوکی دەنێرێت و داوای دیتنی دەکات. دوای شەش مانگ لە هاوسەرگیرییان، کچەکەی و هاوسەرەکەی لە رووباری سێندا دەخنکێن. هوگۆ لەو کاتەدا لە پاریس نابێت، بەڵکو لەگەڵ عەشیقەکەی لە شارێکی تر دەبێت و بە رێکەوت دوای چەند رۆژێک لە رۆژنامەیەکدا هەواڵەکە دەخوێنێتەوە. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکانی ژیانی، تا مردنی، ئەگەر لە مەنفا نەبووبێت، هەموو پێنجشەممەیەک گوڵی خستووەتە سەر گۆڕەکەی. تا چەندین ساڵ نەیتوانیوە باسی کارەساتەکە بکات، پاشان شیعرێکی بۆ دەنووسێت، بە یەکێک لە بەهێزترین شیعری فەرەنسی دادەنرێت، چوارینەیەکی سێ کۆپلەییە، بەڵام بە دەیان توێژینەوەی لەسەر کراوە و لە پرۆگرامی خوێندندا دەخوێنرێت.

لە ساڵی 1831دا رێککەوتنێکی لەگەڵ دەزگایەکی بڵاوکردنەوە دەبێت، کە رۆمانێکی بۆ بنووسێت، کاتەکەی نزیک دەبێتەوە و هیچی نەنووسیوە، پێنج مانگ خۆی لە ژوور دەکات، رۆژانە تەنیا بۆ نانخواردن و کاتژمێرێک پیاسەی باخەکەی دێتە دەرەوە، تا کتێبی قەمبوورەکەی نۆتردام دەنووسێت.

گرنگیی ئەم رۆمانە، تەنیا لە رۆمانەکەدا نەبوو کە بە ماوەیەکی زۆر کورت وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمان، بەڵکو دوای ئەو رۆمانە، نۆتردام بوو بە شوێنێکی گەشتیاری و ساڵانە 11 بۆ 13 ملیۆن کەس سەردانی ئەو کەنیسەیە دەکەن.

لە 1840دا دەچێتە نێو بواری سیاسییەوە و لە ساڵی 1845 بە یارمەتی پاشا دەچێتە نێو پەرلەمان. بەهۆی کاریگەریی دایکی لەسەری وەک لایەنگرێکی پاشا، پشتگیریی لە سیستمی پاشایەتی دەکات، بەڵام رەخنەی دەبێت لە نایەکسانی و هەژاری، پاشان وردە وردە ئاراستەی دەگۆڕێت بەرەو لیبراڵ و کۆماری.

لە شۆڕشی 1848 و دامەزراندنی کۆماری دووەمدا، لە لیژنەی یاسایی دەبێت، داوای ئازادیی میدیایی و رادەربڕین، دیموکراسی، دژایەتی یاسای لە سێدارەدان، خوێندن بە خۆڕایی و بیمەی سۆشیال دەکات. چەندین وتاری بەناوبانگی هەیە و خوێندویەتییەوە، یەکێک لە دووربینییەکانی، باسی دروستکردنی یەکێتیی ئەوروپایە، کە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوانیان روو نەدات.

هوگۆ فەرەنسا بەجێدەهێڵێت
دوای کودەتای ناپلیۆنی سێیەم (برازای ناپلیۆن پۆناپارت) و خۆدانانی بە ئیمپراتۆر لە ساڵی 1851، هوگۆ زۆر دژ دەبێت، بۆیە فەرمانی گرتنی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەردەچێت و فەرەنسا جێدەهێڵێت و دەبێتە پەنابەر لە برۆکسڵ (بەلجیکا)، بەڵام مەرجی ئەوەی لەسەر دادەنێن هیچ شتێک دژ بە ئیمپراتۆر نەنووسێت، بۆیە برۆکسڵیش بەجێدەهێڵێت و دەچێتە جێرسی (ئینگلتەرا). پاشان ئینگلتەراش داوای لێدەکات جێرسی جێ بهێڵێت، دوای ئەوەی لە رۆژنامەیەکی ئینگلیزیدا رەخنە لە شاژن دەگرێت و دەچێتە جنێرسی (دورگەیەکی ئینگلتەرایە، بەڵام فەرەنسی زمانن و بەرامبەر بە فەرەنسایە). 18 ساڵ لەو دورگەیەدا دەمینێتەوە تا روخانی ئیمپراتۆریەتی ناپلیۆنی سێیەم لە ساڵی 1870. دوای ئەوەش لە ساڵی 1876 دەبێتە ئەندامی ژووری پیران.

کاتێک لە دەرەوەی وڵاتە، دەبێتە سیمبولی بەرگری لە کۆمار، نووسینەکانی زۆر توند دەبن بەرانبەر بە دەسەڵات، وەک: “سزاکان، “ناپلیۆنی بچووک”.

لە ساڵی 1885 کۆچی دوایی کرد و دوو ملیۆن کەس لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ لە ناشتنەکەیدا ئامادە بوون.

لەم وتانەیدا، تێڕوانین و بیروڕاکانی ڤیکتۆر هوگۆ دەردەکەون:
لەسەر پەروەردە و فێربوون: ئازادی لەو شوێنە دەستپێدەکات کە نەفامی تەواو دەبێت. هەر منداڵێک پەروەردە بکەین، پیاوێک دەبەینەوە.

مێشک منداڵدانی بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوە کارکردنە و خەون خۆشیەکەیەتی. خوێندن، بۆ سەرەتاییەکان زۆرەملێ بێت و لە هەموو قۆناغەکانی تریشدا بەخۆڕایی بێت. ئەگەر جوان دنیا بخوێنیتەوە، ئەوە ژیان دەخوێنیتەوە. مرۆڤ فێر دەبێت و مامۆستاکەشی ئازارە. خوێندنەوە، گەشتە. گەشتیش، خوێندنەوەیە.

دەربارەی خۆشەویستی دەڵێت: خۆشەویستیی ئازادانە پیرۆزە و هیچی کەمتر نییە لە پیرۆزیی ئازادیی دەربڕین. خۆشەویستی دەریایە و ژن تێیدا رووبارە. خۆشەویستی نیوەی بڕوایە. بیرەوەری، ئێستایەکی شاراوەیە. ژیان گوڵە، خۆشەویستی هەنگوینە.
هیچ شتێک لە ژیاندا لەوە خۆشتر نییە کە خۆشەویست بیت لای خەڵک. هاوسەرگیریی، وەک کشتوکاڵە، بەرهەمەکەی یان باشە یان خراپ.

لەسەر هیوا دەڵێت: ئەگەر کەسێک بمێنێت لە خەباتدا، ئەوە منم. ئەو رۆژە هەر دێت، کە هیواکان بەدیار بکەون. ئەوانە دەژین کە خەبات دەکەن. چاوم داخست و ئەستێرەم بینی. داهاتووم پێ خۆشترە وەک لە رابردوو، چونکە حەز دەکەم لەو شوێنە ئەو ژیانەی ماومە تێیدا بژیم. دژی هاتنی دوژمن بەرگری دەکەین، بەڵام لە هاتنی بیرۆکە نا. قبووڵکردنی خەڵک، ئایینمە. داهاتوو دەرگایەکە، کلیلەکەی رابردووە. من لە شەو دروست کراوم، بەڵام رووناکیم دەوێت. لە دەوروبەرم هەمووی تاریکییە، بەڵام لە ناوەوەم رووناکییە. تۆ دەتەوێت لە هەژاری رزگاری بکەیت، من دەمەوێت هەژاریی نەهێڵم. ئازار ژیانە، بەڵام ئازار لەپێناوی هیچ، مردنە.

دڵی مرۆڤ تا رادەیەک دەتوانێت بێهیوایی هەڵبگرێت، ئیسفەنج ئەگەر بەتەواوی تەڕ بوو، بیخەیتە نێو دەریاش ناتوانێت دڵۆپێکی تر هەڵمژێت.

لەسەر مرۆڤایەتی و یەکسانی دەڵێت: برایەتی، بیرۆکەیەکی مرۆڤانەیە، بەڵام هاوکاریی، بیرۆکەیەکی جیهانییە. نیوەی کۆمەڵگە لە دەرەوەی یەکسانییە، پێویستە نیوەکەی تریش بهێنینە ناوی و مافی ژن یەکسان بێت بە مافی پیاو.

لەسەر ژیان و مردن دەڵێت: مردن هیچ نییە، ئەوە ترسناکە کە نەژیت. مردن هیچ نییە، ژیان هەموو شتێکە. بۆ ئەوەی لە نووسیندا بڕوات پێ بکەن، باشترین رێگە، مردنە. هەموو کەسێک مەحکومە بە مردن، بەڵام سزاکان جیاوازن.

ژیانی درێژ، لەدەستدانی ئەو کەسانەیە کە خۆشمان دەوێن. رابردوو گۆڕی رۆژگارەکانە.
مردن لایەنە تاریکەکەی ژیانە، بەڵام ژیان لایەنە رووناکەکەی مردنە. مردووەکان، ئەوانە بوون کاتی خۆی خۆشیان دەویستی. ئای لەو بەدبەختییە، نیوەی تەمەنمان بە چاوەڕوانی بەڕێدەکەین، لە چاوەڕوانیی ئەوانەی خۆشمان دەوێن و نیوەکەی تریش لە دوورکەوتنەوە لەوانەی خۆشمان دەوێن.

لەسەر شەڕ و برسێتی: برسێتی، تاوانێکی گشتییە. شەڕ، تاوانی پاشاکانە. ئەوە دۆزەخی هەژارەکانە بەهەشتی دەوڵەمەندەکان دروست دەکات. شەڕ، شەڕی نێوان مرۆڤەکانە. ئاشتی، شەڕی بیروباوەڕەکانە. دوو دەست کە دەگەنە یەک، بەرهەمیان لە هەموو ئامرازێکی شەڕ زیاترە.

لەسەر دادوەر دەڵێت: دادوەر هەم پیاوە و هەم ناپیاو. ناپیاوە، چونکە بێبەزەییە. پیاوە، چونکە شیر بەدەستە.
لەسەر سەگ دەڵێت: سەگ زەردەخەنەی لە کلکیدایە.
لەسەر میوزیک دەڵێت: میوزیک، ئەو دەنگەیە کە بیردەکاتەوە.
لەبارەی دەربەدەریش: دەربەدەری، ئارامگرتنێکی درێژخایەنە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان