مەودامیدیا-
تێچووی ئەنجامدانی گەشتی 10 رۆژەی عومرە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان پاشەكشەی بەخۆوە بینیوە و بەراورد بە ماوەی رابردوو لانیكەم 10 دۆلار لە نرخەكەی كەم بووەتەوە.
سیروان محەممەد، لە نوسینگەی حەج و عومرەی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند “نرخی گەشتەكان بە پێی كۆمپانیاكان و ئەو خزمەتگوزارییانە دەگۆڕێت كە كۆمپانیاكە پێشكەش بە زیارەتكارانی دەكات”.
وتیشی “هەندێك لە كۆمپانیاكان خزمەتگوزاری زیاتر و باشتر پێشكەش بە زیارەتكاران دەكەن، یان شوێنی مانەوەیان لە وڵاتی سعودیە باشترە و لە ماڵی خوداوە نزیكترە، بۆیە دەكرێت نرخیان لە كۆمپانیاكانی تر بەرزتر بێت، بەڵام هەندێك كۆمپانیاش بە پێچەوانەوەن، بۆیە هەندێك كات ئەو جیاوازییانە لە نرخدا دەبینرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “لە ئێستادا نرخی گەشتێكی عومرە لە گەرمیان بە رێگای وشكانی بە گشتی نزیكەی 300 دۆلارە، بەڵام بە فڕۆكە نزیكەی 800 دۆلارە”.
لەلایەكی تریشەوە كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند “ئێستا بە نزیكەیی 10 دۆلار لە نرخی گەشتی عومرە لە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێم دابەزیوە و ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانەش، دۆخی ناوچەكە، دەوامی خوێندن و كێبڕكێی نێوان كۆمپانیاكان”.
ئ پ