مەودا میدیا-
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە یاری ( GTA6) ئاشکرایکرد بەردەوام کۆمەڵگەی لە مەترسی ئەو دیاردانە هۆشیار کردووەتەوە، کە زیانیان بۆ سەر گەنج و لاوان یان خێزان و کۆمەڵگە هەیە، چ مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان بێت، یان گەمە و یاری ئەلیکترۆنی نادروست، یان هاندانی گەنجان بۆ تووندڕەوی و کاری خراپ و ناشایستە.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئێستا ئەو یارییە بڵاوبووەتەوە کە پێی دەڵێن یاری (جیتی ئەی 6) بەداخەوە بەپێی زانیاریی باسکراو شتی خراپ و هاندان بۆ تووندوتیژیی و سەرەرۆیی و ماددەی هۆشبەرو بەدڕەوشتی و شتی تری تێدایە، زیان بە ماڵ و خێزان و سامان و گەنجان دەگەینێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، کەواتە مامەڵەکردن بەو یارییە و پارەکەشی حەرام دەبێت، بەپێی فەرمودەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کە دەفەرموێ: (لا ضرر ولا ضرار) واتە: دروست نییە زیان لە خۆت و دەوروبەر بدەیت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بە زووترین کات رێگە لەو جۆرە ماڵپەڕو ئەپڵیکەیشن و یاری و ئەتارییانە بگرن، کە گەنجان بەرەو ئاراستەیەکی خراپ دەبەن و چوارچێوەی خێزان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنن، داواش لە دایک و باوکان و خێزانەکان دەکەن رێگە نەدەن رۆڵەکانیان ئەم جۆرە یارییە نەشیاوانە بەکار بێنن”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایان لە چەندین فەتوای تایبەت و پەیوەست بە شتە نامۆ و قەدەغەکراوەکان فەتوای درکردووە، کە پێویستە هەموو لایەک خۆی بەدوور گرێت لەو شتانەی زیان بە کیان و کۆمەڵگە و خێزان دەگەینێت”.
ب ح