یەکگرتوویی؛ زەروورەتی مێژوویی

نەرمین عوسمان

یەکێتیی پارتە سیاییەکان، بۆ دۆزی گەورەی نەتەوەیی، پێویستییەکی مێژووییە، بەهۆی سروشتی ئەو ئاڵنگارییانەی لە کاتە گرنگەکاندا، چرکەساتی وەرچەرخانەکان، رووبەڕووی گەلان دەبنەوە، یاخود کاتێک فاکتەرە نەتەوەییەکان دەکەونە مەترسییەوە، یان دەچنە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە کە پێویستی بە کۆکردنەوەی وزەکان هەیە. بەپێچەوانەشەوە، لێکدابڕان و پارچەپارچەبوونی حزبی، دەبێتە پەرتبوونی وزە و دروستبوونی کەلێن و گومان، هەر بۆیە، یەکخستنی ریزەکان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و شوناسی نەتەوەیی.

چەندین ئەزموونی مێژوویی دەیانخستووە کە دابەشبوونە ناوخۆییەکان، پێگەی نەتەوەییان لاواز کردووە. نموونەمان زۆرە لە مێژووی کورددا، لە هەندێک کاتدا هۆکاری راستەوخۆی شکستی خەباتی رزگاریخوازی، یان پرۆژەکان و هەوڵەکانی بنیاتنانی نەتەوە بووە. پێچەوانەکەشی زۆر گرنگە، بۆ نموونە؛ یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی باشووری ئەفریقا بە سەرکردایەتی نیڵسۆن ماندێلا، بەدری بناغە بوو بۆ کۆتاییهێنان بە ئاپارتاید، بەهۆی ئەوەی گرووپە جیاواز و جۆراوجۆرەکان قاوخی ئامانجی بەرتەسکی حزبییان تێپەڕاند. هەروەها نموونەی زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان، بە لێکتێگەیشتنی هێزە نەتەوەییەکان لە دەرەوەی داواکارییە حزبییەکان و کۆبوونەوەیان لەسەر داخوازیی سەربەخۆیی، لە چەندین وڵات، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆڵۆنیالیزم، بەو پێیەی لایەنەکان درکیان بەوە کرد کە نابێت جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکانیان جێگرەوەی سەربەستی و رزگاریی نەتەوەیی بێت.

دۆزی نەتەوەیی کورد، بە سروشتی خۆی، بابەتێکی حزبیی سنووردار نییە، بەڵکوو رووبەرێکی کراوەیە، کە رەوتە هەمەچەشنەکان و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت. کاتێک بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی لە پێشینەی هەموو ویستە تایبەتەکانەوەیە، لێرەدا یەکگرتوویی بە مانای نەهێشتنی فرەچەشنیی نییە، لەناوبردن و سەرکوتکردنی جیاوازییە رەواکان نییە، بەڵکوو بەڕێوەبردنی ئەو جیاوازیانەیە لە چوارچێوەیەکدا کە بنەما بنەڕەتییەکان بپارێزێت و رێگری بکات لەوەی بگۆڕدرێن بۆ ململانێی ناوخۆیی و توانا دەستەجەمعییەکان لاواز بکات، یاخود لەناویان ببات و پێگەی خۆی لە بەرانبەر ئاڵنگارییە دەرەکییەکان لاواز بکات.

هەر کەسێک، یان هەر لایەنێک دژایەتی یەکێتیی نەتەوەیی بکات و ئاگری دووبەرەکی خۆش بکات، تەنیا یەک ئەگەری هەیە؛ ئەویش خزمەت بە دوژمنان دەگەیەنێت، ئیتر بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست.

کاتێک ناکۆکی دەگۆڕدرێت بۆ ململانێ، ئەوا زەمینەیەکی گونجاو دروست دەکرێت بۆ شەڕی ناوخۆ و درەفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دوژمنانی نەتەوەیی بۆ دەستوەردان یان بەکارهێنانی دۆخەکە. مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو گەلانەی کە دەرفەتە مێژووییەکانیان بەفیڕۆ داوە بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانەوە؛ پێش ئەوەی بتوانن ئامانجە گەورەکانیان بەدەست بهێنن، ماندوو شەکەت کراون.

لەگەڵ ئەوەش، بانگەوازی یەکگرتوویی دەبێت لەسەر بنەمایەکی روون و ئاشکرا بێت، لە قەناعەتێکی هاوبەشەوە سەرچاوە بگرێت کە ئامانجە نیشتمانییەکان لە پێش دەستکەوتە هەنووکەییەکانەوە بن. پاشان بەهێزکردنی متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەکان و بنیاتنانی میکانیزمی هەماهەنگیی بەردەوام، بەجۆرێک، لایەنەکان پێکەوە بەشدار بن لە گۆڕینی دروشمی یەکێتیی نێوان پارتەکان لە کاتییەوە بۆ کولتوورێکی سیاسیی پتەو و چەسپاو.

لە کۆتاییدا، یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان بۆ دۆزی نەتەوەیی، قسەیەکی فڕێدراو و بێبایەخ نییە، بەڵکوو پێویستییەکە کە وانەکانی مێژوو و ئەزموونی گەلان چەسپاندوویانە و سەلماندوویانە. کاتێک هێزە سیاسییەکان درک بەوە دەکەن کە ناکۆکییەکانیان هەرچەندە توند و چڕ بن، بەڵام لە ئاست پرسە نەتەوەییەکاندا کەمبایەخن، ئەوسا قۆناغێکی نوێی کاری هاوبەش بنیات دەنرێت کە ئامانجەکەی پاراستنی وڵات و نەتەوە و ئامانجە هاوبەشەکانی نەتەوەیە و لەوێشەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنرێت. ئەوی دژیشی بێت، یان تێکی بدات، هەر رووڕەشیی گەل و مێژووی بۆ دەمێنێتەوە.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان